ترەمپ هەڕەشەی زیندانیکردن لەو رۆژنامەنووسانە دەکات کە سەرچاوەکانیان ئاشکرا ناکەن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی زیندانیکردنی لەو رۆژنامەنووسە کرد کە یەکەمجار هەواڵی رزگارکردنی ئەندامێکی هێزی ئاسمانی ئەمریکای لە ئێران بڵاوکردەوە، ئەمەش ئەگەر ئامادە نەبێت سەرچاوەی زانیارییەکانی بۆ ئیدارەی کۆشکی سپی ئاشکرا بکات.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی خستیەروو، وەک هەڵکشانی توندی هێرشەکانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سەر میدیاکان وەسف دەکرێت. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئاشکراکردنی ئەو زانیارییانە پڕۆسەی رزگارکردنی فڕۆکەوانە دووەمەکەی خستووەتە مەترسییەوە، هەرچەندە لە کۆتاییدا ئەویش رزگارکرا.
ترەمپ لە گوتارەکەیدا گوتی: "ئێمە بۆ ماوەی کاتژمێرێک هیچمان لەبارەی فڕۆکەوانە یەکەمەوە نەوت، بەڵام دواتر کەسێک زانیارییەکەی دزەپێکرد. ئێمە هەوڵێکی زۆر دەدەین بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسە." هەروەها گوتیشی: "دەچینە ئەو دەزگا میدیاییەی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و پێیان دەڵێین: سەرچاوەکەمان رادەست بکەن یان بەهۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەچنە زیندان."
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن رۆژی هەینی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لە ئێران کەوتە خوارەوە و چەند دەزگایەکی راگەیاندنی وەک (نیویۆرک تایمز، سی بی ئێس، و ئەکسیۆس) هەواڵی رزگارکردنی یەکێک لە فڕۆکەوانەکانیان بڵاوکردەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ لە کۆبوونەوە تایبەتەکانیدا لەگەڵ یاریدەدەرانی، ناڕەزایەتی دەربڕیوە بەرامبەر بەوەی، رووماڵی میدیایی شەڕی "ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران" زۆر نەرێنییە. هاوکات، بریندان کار، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە فیدراڵییەکان، هۆشداریی داوەتە ئەو دەزگایانەی هەواڵی چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە و رایگەیاندووە؛ پێویستە "پێش نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان، رێڕەوی خۆیان راست بکەنەوە."
تا ئێستا کۆشکی سپی بە فەرمی ناوی ئەو رۆژنامەنووسە یان ئەو دەزگا میدیاییەی دیاری نەکردووە کە مەبەستی سەرۆک ترەمپ بووە.