رۆژنامەی تایمز: باری تەندروستیی موجتەبا خامنەیی ناجێگیرە
رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای دەکات، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شاری قوم لەژێر چاودێرییەکی توندی پزیشکیدایە و باری تەندروستیی ناجێگیرە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی تایمز لە یاداشتێکی دیپلۆماسییەوە دەستی کەوتووە و پشت بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبەستێت، موجتەبا خامنەیی ئێستا لە کۆمایە واتە " لە حاڵەتی بێ هۆشیدایە" و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە. ئەمەش وای کردووە نەتوانێت بەشداری لە هیچ پرۆسەیەکی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکات. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە، ناوبراو بە هیچ شێوەیەک لە شوێنە گشتییەکاندا دەرنەکەوتووە و پەیامەکانی تەنیا لە رێگەی میدیا فەرمییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە؛ تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، لە شاری قوم ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی بەخاک بسپێردرێت. شایەنی باسە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە بەیانی رۆژی یەکشەممە 1ـی ئادار، بە فەرمی هەواڵی کۆچی دوایی عەلی خامنەیی راگەیاندبوو، دواتریش لە شەوی 9ـی ئاداردا ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێ هەڵبژارد.
لە بەرەی نێودەوڵەتییەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، مۆڵەتێکی کۆتایی تاوەکو کاتژمێر 8ـی شەوی سێشەممە (بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا) بە ئێران داوە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن. ترەمپ هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر ئێران رازی نەبێت، هیج پرد و وێستگەیەکی کارەبا لەو وڵاتەدا نامێنێت و دەیانگەڕێنینەوە بۆ چەرخی بەردین."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، دەبوو ئەم هەنگاوانە 47 ساڵ لەمەوبەر لەناو برایە. هەروەها باسی لەوە کرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتدا، ئێران زۆر لە ئێستا بەهێزتر بوو.
لە بەرامبەر ئەم هەواڵانەدا، بەرپرسانی ئێران هەموو دەنگۆیەکی تێکچوونی تەندروستیی رێبەری نوێ رەتدەکەنەوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند؛ موجتەبا خامنەیی لە تەندروستییەکی باشدایە و دەرنەکەوتنی تەنیا پەیوەندی بە رێکاری ئەمنییەوە هەیە و بەم زووانە هەمووان دەینین.