لە ترسی هێرشی مووشەکی، پردی نێوان سعوودیە و بەحرەین داخرا
رۆژی سێشەممە، 07ـی نیسانی 2026، دەستەی پردی "شا فەهد" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، هاتوچۆی گەشتیاران و بارهەڵگرەکانیان لەسەر پردەکە بە تەواوی راگرتووە.
دەستەکە لە راگەیەنراوەکەیدا روونیشی کردەوە، راگرتنی جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری تەنیا رێکارێکی خۆپارێزییە بەرانبەر ئەگەری هەر هێرشێکی چەکداری، بەتایبەتی لە ترسی بەئامانجگرتنی ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودیە لەلایەن تارانەوە.
بەهۆی ئەم داخستنە لەناکاوەشەوە، سەدان ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر لە هەردوو دیوی سنوورەکە گیریان خواردووە.
پردەکە درێژییەکەی دەگاتە 25 کیلۆمەتر، هەروەها تاکە رێگەی وشکانییە سعوودییە و بەحرەین بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بەحرەین پێگەیەکی ستراتیژیی هەیە لەبەر ئەوەی بارەگای سەرەکیی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لەخۆ دەگرێت.
تاوەکو ئێستا تاران هیچ هەڕەشەیەکی فەرمیی بۆ لێدانی پردەکە نەکردووە، بەڵام باڵی توندڕەوی ناو ئێران بەردەوام ئەو رێگەیە وەک ئامانجێکی ستراتیژی بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی واشنتن و هاوپەیمانەکانی دەبینن.
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توندی دابوو و ئاماژەی بەوە کرد، لە یەک شەودا پرد و وێستگەکانی کارەبا لە ناوخۆی ئێران خاپوور دەکات ئەگەر بێت و تاران ملکەچی مەرجەکانی واشنتن نەبێت، ئەمەش ترسی لای وڵاتانی ناوچەکە دروست کردووە ئێران لە کاردانەوەی ئەمەدا هێرش بکاتە سەر ژێرخانی وڵاتانی دراوسێ.
پردی شا فەهد پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ستراتیژییە لە ساڵی 1986 بە فەرمی بە رووی هاتوچۆدا کراوەتەوە. ئەم رێگەیە رۆڵێکی گەورە لە ئابووریی وڵاتانی کەنداو دەگێڕێت و ساڵانە ملیۆنان کەس بۆ مەبەستی گەشتیاری و بازرگانی بەکاریدەهێنن.
بەحرەین، وەک یەکێک لە وڵاتە بچووکەکانی ناوچەکە، میوانداریی سەربازانی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکات، ئەمەش وای کردووە هەمیشە لە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاڵێکی هەستیار بێت بۆ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی.
لە چەند رۆژی رابردوودا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پێی نایە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاران لە رووی سەربازییەوە شکستی هێناوە، هەروەها هەڕەشەی سەپاندنی باجی ترانزێتی لەسەر گەرووی هورمز کرد.
هاوکات هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی ئێرانی کرد، ئەمەش وای کردووە وڵاتانی ناوچەکە رێکاری توندی ئەمنی بگرنە بەر، لە ترسی پەرەسەندنی جەنگ و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی کاڵا لە بازاڕەکانی کەنداودا.