بە 7 مووشەک هێرش کرایە سەر کەرتی وزەی سعوودیە

شەوی رابردوو چەند مووشەکێکی بالیستی ئاراستەی ناوچە پیشەسازییەکانی رۆژهەڵاتی سعوودیە کران و بەهۆیەوە لە کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی "سابیک" لە شاری جوبەیل ئاگر کەوتەوە؛ هاوکات بەهۆی هۆشدارییە ئەمنییەکانەوە، هاتوچۆ لەسەر پردی نێوان سعوودیە و بەحرەین بۆ ماوەیەکی کاتی راگیرا.

سێشەممە 7ی نیسانی 2026، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە راگەیاندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پشتڕاستی کردەوە کە "7 مووشەکی بالیستی کە ئاراستەی ناوچەی رۆژهەڵات کرابوون، تێکشکێندراون و پاشماوەی مووشەکەکان لە دەوروبەری دامەزراوەکانی وزە کەوتوونەتە خوارەوە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لێکۆڵینەوە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان بەردەوامە.

شاری جوبەیل یەکێکە لە گەورەترین شارە پیشەسازییەکانی جیهان، کە تێیدا پۆڵا، بەنزین، پترۆکیمیایی، زەیتی بزوێنەر و پەینی کیمیایی بەرهەم دەهێنرێت.

ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی بەهێزیان کردووەتە سەر گەورەترین دامەزراوەی پترۆکیمیایی ئێران لە شاری "عەسەلوییە" کە 50 لەسەدی بەرهەمی پترۆکیمیایی ئەو وڵاتە دابین دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، وەک رێکارێکی "خۆپارێزی" هاتوچۆیان لەسەر پردی شا فەهد کە تەنیا رێگەی وشکانیی نێوان سعوودیە و بەحرەینە، راگرتووە. ئەم بڕیارە دوای چەندین هۆشداریی ئەمنی هات کە لە رێگەی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەوە بڵاوکرانەوە. دوای چەند کاژێرێک لە راگرتنی، جارێکی دیکە هاتوچۆ لەسەر پردەکە ئاسایی بووەوە.

سعوودیە، ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی هێرش دەکاتە سەر دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی وڵاتەکە. ئەم ئاڵۆزییانەش دوای ئەوە دێن کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاران چەندین جار هەڕەشەی کردووە کە وەک تۆڵەکردنەوە، هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ژێرخانی مەدەنی لە وڵاتانی کەنداو.