باڵیۆزی ئێران لە ئیسلامئاباد: هەوڵەکانی پاکستان بۆ راگرتنی جەنگ لە قۆناغی یەکلاکەرەوەدایە
باڵیۆزی ئێران لە پاکستان راگرتنی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا بە نزیک دەزانێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی نیسانی 2026، رەزا ئەمێری موقەددەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، هەوڵە ئەرێنی و بنیاتنەرەکانی پاکستان بۆ راگرتنی ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەرپایان کردووە، لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و هەستیار نزیک دەبێتەوە.
لە کاتێکدا پاکستان پێشنیازی ئاگربەستی لە دوو قۆناغدا خستووەتە بەردەم هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی، تاران مەرج و هێڵە سوورەکانی خۆی دووپات کردەوە. لە ماوەی رابردوودا ئێران چەندین جار رەتیکردووەتەوە ئاگربەستی کاتی قبووڵ بکات و داوای کۆتاییهێنانی یەکجاریی جەنگ و وەرگرتنی گرەنتی دەکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی.
رۆژی دووشەممە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەمان مەرجی وەبیر هێنایەوە و ئاماژەی بەوە دا، هەر ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 45 رۆژ دەرفەت بە لایەنی ئەمریکی دەدات خۆی لە رووی سەربازییەوە ئامادە بکات.
ئیسماعیل بەقایی روونیشی کردەوە، ئاگربەستی کاتی بە واتای وەستانێکی کورت دێت بۆ خۆڕێکخستنەوە و ئەنجامدانی تاوانی نوێ، هیچ کەسێکی ژیر ئەمە قبووڵ ناکات.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، تاران ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ گەرووی هورمز ناگەڕێنێتەوە لە بەرانبەر ئاگربەستێکی کاتی.
مەرجی دووەمی تاران پەیوەستە بە گەرووی هورمزەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار هەڕەشەی کردووە دەبێت گەرووەکە بە رووی هاتوچۆی دەریاییدا بکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، تاران پێداگرە لەسەر دروستکردنی دۆخێکی نوێ لە گەرووەکەدا دوای وەستانی جەنگ، ئاماژە بە ئەگەری بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووەکە لەگەڵ عومان دەکات.
ئاژانسی "نوور نیوز"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، بەبێ جیاوازی داوا لە سەرجەم وڵاتان دەکرێت باجی ئەمنی بدەن بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، مۆڵەتی تێپەڕبوونی ئارام بە گەرووی هورمزدا تەنانەت بە وڵاتانی دۆستیش نادرێت ئەگەر باجی ئەمنی نەدەن و هیچ وڵاتێک لەم بڕیارە بێبەری ناکرێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتی تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە بە تاران دابوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، دوای ئەوەی هەڕەشەی وێرانکردنی پرد و دامەزراوەکانی وزەی ئێرانی کرد. دواتر سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، دەرفەتی گەورە هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و کردنەوەی گەرووی هورمز پێش 07ـی نیسان.
کۆشکی سپی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئەمریکا تاوتوێی ئەو پێشنیازە دەکات نێوەندگیرەکان بۆ ئاگربەستێکی 45 رۆژە خستوویانەتە روو، بەڵام تاوەکو ئێستا ترەمپ پەسەندی نەکردووە.