رێگەی ئاسنی کاشان و چەند رێگەیەکی دیکەی سەرەکی ئێران بۆمباران کران
جێگری پارێزگاری ئیسفەهان بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پردی رێگەی ئاسنی یەحیا ئابادی سنووری شاری کاشانی پارێزگای ئیسفەهانی کردە ئامانج.
هەروەها ئاشکرای کردووە لەو هێرشەدا دوو کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەیش بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە جێگری پارێزگاری قوم بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان پردەکانی رێگەی نێوان قوم و پارێزگاکانی دیکەی رۆژئاوای شارەکە بۆمباران کردووە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە رێگە سەرەکییەکان کەوتووە.
هەروەها بەرزە پردێکی دیکە لە نێوان هەردوو شاری زەنجان و تەورێز کراوەتە ئامانج کە رێگەیەکی سەرەکییە بۆ بە یەکەوە بەستنەوەی چەندین شار، لەلایەن خۆیانەوە پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رێگەکەیان داخستووە.
هەردوو هێرشەکە لە کاتێکدایە، کە پێشتر سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی ئاراستەی خەڵکی ئێران کردووە کە بۆ گەشت و سەردانی شارەکان، شەمەندەفەر و رێگەی ئاسنی وڵاتەکەیان بەکارنەهێنن و لە وێستگەکانی شەمەندەفەر دوور بکەونەوە، چونکە دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانیان.
هەروەها سەرۆکی شارەوانی مەشهەد رایگەیاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی هۆشدارییە بێ شەرمانەکەی ئیسرائیل لە بارەی هێرشکردنە سەر رێگە ئاسنینەکانی ناوخۆی ئێران، وەک گرتنەبەری خۆپارێزی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، تا کاتێکی نادیار سەرجەم گەشت و جووڵەکانی شەمەندەفەر لە سنووری پارێزگای مەشهەد را دەگیرێن.