ئێران درۆنێکی نوێی بۆمبڕێژکراوی بەکارهێنا
سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجارە لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل و ئەمریکا و ناوچەکە، درۆنێکی نوێی بۆمبڕێژکراو بە ناوی "حەدید 110" بەکار دەهێنێت.
گرووپی میدیایی سوپای پاسدارانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام، ڤیدیۆنی چۆنیەتی بەستن و ئامادەکردن و دواتر هەڵدانی درۆنە نوێیەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "درۆنی بروسکە ئاسای بۆمبڕێژکراوی "حەدید 110" لەلایەن یەکەی هێزەکانی هەڵدانی درۆنەکان بە دروشمی فاتیمەی کچی پێغەمبەری ئیسلام ئاراستەی دوژمنانی دەستدرێژیکاری ئەمریکی و ئیسرائیلی کراوە".
هەروەها ئاماژەیداوە، ئەم درۆنە نوێیە جگە لە حەیدی 110 بە دالاهۆش ناسراوە و تازەترین بەرهەمی پیشەسازی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بە ماتۆری جێت کار دەکات و دەبێتە بەشێک لە شەپۆلی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی راستگۆیی.
درۆنی بۆمبڕێژکراوی حەدید 110، کە لە رووی دیزاینەوە لەسەر شێوەی فڕۆکەی تارمایی (شبح) دروستکراوە و توانای هەڵگرتنی کڵاوەیەکی 30 کیلۆگرام تەقەمەنی و مانەوەی بۆ یەک کاتژمێر لە ئاسمانی هەیە، خێراییەکەی بۆ هەر کاتژمێرێک دەگاتە 510 کیلۆمەتر و تا 30 هەزار پێ، واتە 9144 کیلۆمەتر بەرز دەبێتەوە.
ئەم درۆنە لە چوارچێوەی مانۆری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سنووری پارێزگای ورمێ، لە شوباتی ساڵی 2025 تاقیکراوەتەوە، لەو مانۆرەدا جگە لە هێزەکانی ئێران، بەشێک لە هێزەکانی بیلارووس، هیند، چین، پاکستان، کازاخستان، قیرغیزستان، رووسیا، تاجیکستان و ئوزبەکستان بەشداربوون.