ئێران: ئەگەر دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت "باب مەندەب"یش دادەخەین

ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی واشنتن دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر بارودۆخەکە بەرەو لە کۆنترۆڵ دەربچێت، هاوپەیمانانی تاران گەرووی باب مەندەبیش دادەخەن. جەختیش دەکاتەوە کە ملکەچبوون بۆ گوشارەکانی ئەمریکا بژاردەی ئەوان نییە.

سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردەوە، کە تاران بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە گەرووی ستراتیژیی هورمز بەرانبەر بە "بەڵێنی بەتاڵ" و بێ دەستکەوتی کردەیی بکاتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی پاکستان بەردەوامە لە گەیاندنی پەیامە دیپلۆماسییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەڵام ئەمریکا هیچ ئاماژەیەکی بۆ گۆڕینی سیاسەتی بەرانبەر تاران نیشان نەداوە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، تاران جەختی کردووەتەوە، کە هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن لە ئارادا نییە، چونکە لایەنی ئەمریکی دەیەوێت لە رێگەی گوشاری ئابووری و سەربازییەوە ئێران ناچاری رادەستبوون و ملکەچبوون بکات.

هەروەها سەرچاوە ئێرانییەکە رایگەیاندووە: "ئەگەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، ئەوا تەنیا گەرووی هورمز بە داخراوی نامێنێتەوە، بەڵکو هاوپەیمانانی ئێران لە ناوچەکەدا گەرووی باب مەندەبیش دادەخەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەمشەو شارستانییەتێکی تەواو لەناو دەچێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە، هەرچەندە نایەوێت ئەوە روو بدات، بەڵام پێدەچێت روو بدات.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەمشەو هەموو شتێک دەردەکەوێت و دەبێتە یەکێک لە گرنگترین ساتەکان لە مێژووی درێژ و ئاڵۆزی جیهاندا.