وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ واشنتن پچڕاند
بە پێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، تاران بڕیاری داوە چیدیکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن گفتوگۆ نەکات، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی "لەناوبردنی شارستانییەتی ئێران"ی کردبوو، کە ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی لەباربردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری داوە کۆتایی بە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بهێنێت.
ئەم بڕیارەی تاران وەک کاردانەوەیەکی توند دادەنرێت بەرانبەر گوتارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا هەڕەشەی لەناوبردنی شوێنەوار و شارستانییەتی ئێرانی کردبوو.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەم هەنگاوەی ئێران کاریگەریی نەرێنیی دەستبەجێی هەبووە لەسەر پڕۆسەی گەیشتن بە رێککەوتن پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی واشنتن دیاری کردووە و بە شێوەیەکی کاتی هەوڵەکانی سڕ کردووە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە هەرچەندە پەیوەندییە راستەوخۆکان پچڕاون، بەڵام ئەمە بە مانای داخستنی یەکجاریی دەرگای گفتوگۆکان نایەت، بەڵکو تەنیا پڕۆسەی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی لەم کاتە هەستیارەدا تووشی بنبەست کردووە.