وەزیری جەنگی ئەمریکا: کەمتر لە 10%ـی تواناکانمان لە دژی ئێران بەکارهێناوە
وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی سەرجەم ئامانجەکانی لە جەنگی ئێراندا پێکاوە و تەواوی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەشیان لەناوبردووە.
ئــەمڕۆ چوارشەممە، 08ـی نیسانی 2026، پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان وڵاتەکەی و ئێران ساز کرد.
وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبارەی ئاگربەستەکەی وڵاتەکەی و ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی گەورە و مەزنە بۆ ئاشتیی جیهانی. گوتیشی "پێموایە ئاگربەستەکە بەردەوامی دەبێت". ئاماژەی بەوەش دا، ئێران رووبەڕووی هێرشێکی سەربازیی وێرانکەر بووەتەوە، بۆیە داوای ئاگربەستی لێکردوون.
پیت هیگسێت، ئاماژەی بەوەش دا کە هێزەکانی ئەمریکا بە وردی چاودێریی کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران دەکەن و شوێنەکانیان دەزانن؛ هیگسێت هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر تاران بە خواستی خۆی ئەو ماددانە ڕادەست نەکات، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوشێوەی هێرشەکانی پێشوو ئەنجام بدات. گوتیشی: "ئێمە دەزانین چییان لایە، ئەوان رادەستی دەکەن و ئێمەش وەری دەگرین. ئەگەر پێویست بکات، بە هەر شێوازێکی گونجاو بێت ئەو کارە ئەنجام دەدەین."
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی (Midnight Hammer) کرد وەک نموونەیەک بۆ ئەو هێرشانەی کە دەتوانن دژی بنکە ئەتۆمییەکان ئەنجامی بدەن. هیگسێت جەختی کردەوە: یان بە ویستی خۆیان دەیدەن بە ئێمە و ئێمەش لەوێ دەری دەهێنین، یان ئەوەتا خۆمان کارێکی دیکە دەکەین؛ ئێمە ئەو مافە بۆ خۆمان دەپارێزین کە کاردانەوەمان هەبێت."
وەزیری جەنگی ئەمریکا، روونیشی کردەوە، ئەوان هەموو ئامانجەکانیان پێکاوە بەپێی ئەو پلانەی لە رۆژی یەکەمی جەنگەوە دایاننابوو. ئاماژەی بەوەش دا، ئێران هەموو توانایەکی بەرگریی ئاسمانیی لەدەستداوە و لە ئێستادا ئەمریکا کۆنترۆڵی ئاسمانی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەوەشی خستە روو، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکیان لە ئێران تێکشکاندووە و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکیشیان بەتەواوی لەناوبردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا دژی ئێران کەمتر لە 10%ـی تواناکانی خۆیان بەکارهێناوە.
پیت هێگسێت، ئەوەشی خستە روو، تەواوی سەرکردەکانی باڵای ریزی یەکەمی ئێرانیان لەناوبردووە. هەروەها ئاشکرای کرد، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا فڕۆکەوانەکانیان لە ئێران رزگار کردووەتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (8ی نیسانی 2026)، لە کاژێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە رۆژی هەینی، بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلامئابادی پایتەخت دەستپێبکات، بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن.
جەنگی نێوان ئێران و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووریی ناوچەکەی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، راستەوخۆ بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.