رۆیتەرز: ئێران پێش دانوستانەکەی لەگەڵ ئەمریکا گەرووی هورمز دەکاتەوە

بەرپرسێکی باڵای ئێران رایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە رۆژی پێنجشەممە یان هەینی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراو بکاتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بەرایی بۆ یەکەم دیداری راستەوخۆی نێوان بەرپرسانی تاران و واشنتن لە پاکستان.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، کە ئەگەری هەیە وڵاتەکەی لە رۆژانی پێنجشەممە یان هەینی گەرووی ستراتیژیی هورمز بە شێوەیەکی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراو بکاتەوە. ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ سازدانی یەکەم دیداری راستەوخۆ لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان.

بەگوێرەی گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، بڕیاری کردنەوەی گەرووەکە پەیوەستە بەوەی کە ئایا لەسەر چوارچێوەیەک بۆ گفتوگۆکان لێکتێگەیشتن دروست دەبێت یان نا. ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر لەسەر چوارچێوەی دانوستانەکان رێکبکەوین، ئەوا گەرووەکە بە شێوەیەکی سنووردار و لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی ئێراندا دەکرێتەوە."

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەرپرسە ئێرانییەکە جەختی لەسەر باڵادەستیی سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئێران بۆ تەواوی ئەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن کارێکی ناچاری دەبێت.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای ململانێکان، بەرپرسە ئێرانییەکە هۆشداری دا، ئاگربەستە دوو هەفتەیییەکە هێشتا ناسک و لەرزۆکە. گوتیشی: "ئێمە ئاشتییەکی بەردەواممان پێ باشترە، بەڵام ئێران هیچ ترسێکی لە گەڕانەوە بۆ نێو جەنگ نییە، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بییەوێت بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو بنێت."

ئەم لێدوانانە تەنها دوو ڕۆژ پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد دێن، کە بڕیارە رۆژی هەینی بە چاودێریی پاکستان و میسر و تورکیا بەڕێوە بچێت.