حکوومەتی لوبنان ماتەمینی نیشتمانی راگەیاند

نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، درەنگانی شەوی چوارشەممە رایگەیاند، پێنج رۆژ وەک رۆژی ماتەمینی نیشتمانی لە وڵاتدا دەستنیشانکراوە. ئەم بڕیارە وەک رێزگرتنێکە بۆ گیانی قوربانییانی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل کە سەدان مەدەنی لە ناوچە جیاوازەکانی لوبنان کردووەتە ئامانج.

سەرۆکوەزیرانی لوبنان بڕیاریدا سەرجەم دامودەزگا حکوومییەکان، دامەزراوە گشتییەکان و شارەوانییەکان دابخرێن. هەروەها بڕیاردرا ئاڵای وڵات بۆ نیوە دابگیرێت و بەرنامە ئاساییەکانی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و رادیۆ بگۆڕدرێن بە جۆرێک کە لەگەڵ قەبارەی ئەو کارەساتە نیشتمانییەدا بگونجێت.

نەواف سەلام پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەلی لوبنان و کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. هاوکات جەختیشی کردەوە، بەردەوامە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەرپرسانی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری و فشارخستنە سەر ئیسرائیل بە مەبەستی راگرتنی هێرشەکان.

رۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل چڕترین شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد، کە سەرجەم شارەکان و بەیروتی پایتەختیشی گرتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تەنیا لە ماوەی 10 خولەکدا 100 هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراون، بەهۆیانەوە نزیکەی 254 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1500 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند؛ رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران بە واتای کۆتاییهاتنی جەنگ نایەت، بەڵکو تەنیا ئامادەکارییەکە بۆ قۆناخەکانی داهاتوو. ناتانیاهۆ گوتیشی: "هێزی ئیسرائیل لە لاوازی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت."

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی دوێنێ چوارشەممە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد بوون و ماوەی چەند هەفتەیەک بوو پلانیان بۆ داڕێژرابوو. سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی سەرەکییان لێدانی یەکەکانی نوخبە، سیستمە مووشەکییەکان ودرۆنەکانی حزبوڵڵا بووە.