ئایە زەین: تەکنەلۆجیا کاریگەریی نەرێنی لەسەر هونەری کلاسیکی هەیە

پێنجشەممە، 9ی نیسانی 2026، ئایە زەین، خانمە هونەرمەندی شێوەکار، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی کارە هونەرییەکانی و باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری دەکات.

ئایە زەین دەڵێت، "من بە شێوازی سوریالیستی کار دەکەم و حەزم لەوەیە کارەکانم راستەوخۆ نەبن، بەڵکو وەک فکر بن کە بینەر هان بدات بۆ لێکدانەوەی تایبەتی."

ئایە زەین، خانمە هونەرمەندی شێوەکار، دەربارەی ئەزموونی خۆی لە هونەری شێوەکاری بە کوردستان24ی گوت، "هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر بوومە، لە کاتێکدا ئەم تایبەتمەندییە وەک هێزێکی ناوەوەیی لەگەڵم دا گەورە بووە و بەردەوام پەرەم پێداوە. من وێنەکێشان بە رێگەیەکی  سەرەکی دەزانم بۆ ئەو هەستانەی کە بە وشەکان ناتوانرێن دەربڕدرێن. هەر تابلۆیەک کە دروستی دەکەم، بەشێک لە ئەزموونی تایبەتی خۆمە، هەروەها ئەزموونی کۆمەڵگە لەخۆدەگرم، بۆیە کارەکانم تەنیا وێنە نین، بەڵکو چیرۆکن. من پێش ئەوەی دەست بە وێنەکێشان بکەم، خەریکی  نووسین بوومە وەکو، شیعر، تێڕوانین و چیرۆکی کورت. ئێستا توانیومە ئەم دوو جیهانە بەیەک بگەیەنم، جارێک وێنە دەکێشم و دوای ئەوە دەقی لەسەر دەنووسم، و جارێکیش لە دەقەوە دەست پێدەکەم بۆ دروستکردنی تابلۆ."

ئایە زەین گوتیشی، "سەرکەوتن تەنیا بە توانای هونەری پێوانە ناکرێت، بەڵکو بەو توانایەیە کە هونەرمەند دەتوانێت بیرۆکە یان هەستێک بگەیەنێت بە بینەر. جوانی بینراو تەنیا بەشێکە، بەڵام کاریگەریی کارەکە لەسەر هەست و هۆشی خەڵک گرنگترە. هەروەها جیاوازیی شێوازی کارەکە بەشێکی سەرەکیی ناسنامەی هونەرمەندە. من بە شێوازی سوریالیستی کار دەکەم و حەزم لەوەیە کارەکانم راستەوخۆ نەبن، بەڵکو وەک فکر بن کە بینەر هان بدات بۆ لێکدانەوەی تایبەتی."

ئەو خانمە شێوەکارە باس لە گرنگی دروستکردنی تابلۆکانی دەکات و دەڵێت، "لە کاتی کارکردن لەسەر تابلۆکانم دا، گرنگییەکی زۆر بە هاوسەنگی و هاورەنگیی رەنگەکان دەدەم، بە شێوەیەک کە خزمەتی بیرۆکە یان هەستەکە بکەن. زۆرجار لە هەڵبژاردنی رەنگەکان دەستپێدەکەم کە گونجاون بۆ ئەو هەستانەی لەم  کاتەدا هەیە، و تاقیکردنەوە و تێکەڵکردنی رەنگەکان تا گەیشتن بە ئەنجامێکی راستەقینە بەشێکی گرنگی پرۆسەکەیە. بۆیە تێکەڵبوونی رەنگەکان زمانێکی ترە بۆ دەربڕینی هەستەکان."

ئایە زەین دەربارەی شێوەکاری هاوچەرخ گوتی، "شێوەکاری هاوچەرخ رۆحی سەردەمەکە و گۆڕانکارییەکان  پێشان دەدات، هەروەها باس لە کێشە و هەستەکان دەکات. ئەم جۆرە هونەرە جەخت لەسەر بیرۆکە دەکات و هەندێک جار پەیامەکە لە جوانی بینراو گرنگتر دەبێت. لە هەمان کاتدا، هونەری هاوچەرخ دەروازەیەکی کراوەیە بۆ داهێنان، کە هونەرمەند دەهێنێت بۆ شکاندنی سنوورەکان و دەربڕینی ئازادانەی هەست و خەونەکان. هەروەها ئەم هونەرە گفتوگۆیەک دروست دەکات لەنێوان تابلۆ و بینەردا، کە هەر کەسێک دەتوانێت بە شێوەی خۆی لێی تێبگات. هەرچەندە هەندێکجار لێکدانەوەی کارەکان ئاسان نییە، بەڵام ئەمەش بەشێکە لە جوانی و نهێنییەکەی."

ئایە ئاماژەی بەوەش دا، "هەندێکجار تەکنەلۆژیا دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی هەبێت لەسەر هونەری کلاسیکی، چونکە هەندێک کەس دەهێنێت بۆ خێرایی و تەواوکاری، کە ئەمە دەتوانێت بەهای کاری دەستی و ئەزموونی تایبەتی کەم بکاتەوە. هەروەها بڵاوبوونەوەی وێنە دیجیتاڵییەکان دەتوانێت کەمکردنەوەی پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ تابلۆ راستەقینەکان بکات."

لەکۆتایی قسەکانیدا، ئایە زەین، باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت، "پڕۆژەی نوێم ئەوەیە کە ئامانجی گەشەپێدانی هونەرەکەم زیاتر لە دەرەوەی کوردستان و عێراق گەشە پێبدەم، بە تایبەتی رێکخستنی پێشانگە لە شوێنە جیاوازەکان. کارەکانی من بە شێوازی سوریالیستیی ناسراوە، کە لە زۆربەی کارەکانم دا شەترەنج وەک واژۆیەکی تایبەتی بەکار دەهێنم و هەر تابلۆیەک دەکەم بە چیرۆکێک لەسەر بۆردی شەترەنج. هەروەها ئامانجی من ئەوەیە کارەکانم نەک تەنیا لە رووی هەستەوە، بەڵکو لە رووی جوگرافیاشەوە بڵاو بکەمەوە."

ئایە زەین، خانمە هونەرمەندی شێوەکار، لە ساڵی 1995 لە کەرکووک لەدایک بووە و ئێستا لە هەولێر دەژیت، ئێستا لەبواری تەلارسازی شارستانی قوتابی ماستەرە لە تورکیا. سەرەڕای ئەوەی وەک وێنەکێشێکی سوریالیستی ناسراوە،  هەروەها کۆمەڵەیەکی دیکۆراتیڤی تابلۆی جوانی هەیە کە جوانی ماڵ و ئۆفیسەکان دەردەخات. ئایە بەشداریی پێنج  پێشانگەی تاکەکەسی و شەش پێشانگەی هاوبەش لە ناوخۆی عێراق و یەک پێشانگە لە سەڵتەنەتی عومان کردووە.