مەرجی نوێی ئێران بۆ کەشتییەکان: پارە بدەن یان دەکرێنە ئامانج

گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی نەوت و غازی ئێران ئاشکرای دەکات، تاران لە ماوەی ئاگربەستەکەیدا لەگەڵ ئەمریکا، بۆ تێپەڕبوونی هەر بەرمیلێک نەوت بە گەرووی هورمزدا یەک دۆلار باج وەردەگرێت، هەر کەشتییەکیش مۆڵەت وەرنەگرێت و باجەکە نەدات، دەکرێتە ئامانج.

رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی راپۆرتێکی لەبارەی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە گەرووی هورمز بڵاوکردەوە. 

لە راپۆرتەکەدا حەمید حوسەینی، گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی نەوت و غازی ئێران، ئاماژەی بەوە دا، ئێران بڕیاری داوە لە بەرانبەر تێپەڕبوونی هەر بەرمیلێک نەوت بە گەرووی هورمزدا یەک دۆلار باج وەربگرێت و پارەکەش بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەدرێت.

رۆژنامە بەریتانییەکە روونیشی کردەوە، ئێران لە ماوەی دوو هەفتەی ئاگربەستەکەدا ئەم هەنگاوە جێبەجێ دەکات و سوورە لەسەر وەرگرتنی مۆڵەت و پشکنینی کەشتییەکان پێش تێپەڕبوونیان.

هەروەها رۆژنامەکە ئەوەشی خستە روو، دوای پشکنین بۆ هەر بەرمیلێک نەوت یەک دۆلار وەردەگیرێت، هەر کەشتییەکیش رازی نەبێت ئەو پارەیە بدات، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەکرێتە ئامانج.

دوای هەڵکشانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتیی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، تاران رێکارەکانی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز توندتر دەکات.

 بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز، ئەو باجەی ئێران داوای دەکات دەبێت بە دراوی دیجیتاڵی وەک (بیتکۆین) بدرێت، ئەمەش بۆ دەربازبوونە لە سزاکانی ئەمریکا و سیستەمی چاودێریی دارایی نێودەوڵەتی. 

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و پێشتر بەهۆی داخستنییەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. 

لە ئێستادا سەدان کەشتی چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆڵەتن بۆ تێپەڕبوون، هەروەها ئێران جەخت دەکاتەوە ئامانج لە پشکنینەکان، رێگریکردنە لە گواستنەوەی چەک لە ماوەی ئاگربەستەکەدا.