جێگری سەرۆککۆمار: ئێران وەڵامی توندی هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست دەداتەوە
جێگری سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، حکوومەت و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست و جەختدەکاتەوە، وەڵامێکی "توند و پەشیمانکەرەوە"یان بۆ هەر دەستدرێژییەک دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند،، حکوومەت و هێزە چەکدارەکان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی پێشێلکردنی ئاگربەست.
جێگری سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریدا و گوتی، بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک، وەڵامێکی توند و پەشیمانکەرەوەیان دەبێت.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی هەینی، شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کۆببنەوە. هەروەها دوای راگەیاندنی ئاگربەستیش، تاران چەند جارێک واشنتنی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (8ی نیسانی 2026)، لە کاژێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە رۆژی هەینی، بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلامئابادی پایتەخت دەستپێبکات، بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن.
جەنگی نێوان ئێران و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووریی ناوچەکەی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، راستەوخۆ بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.