ئێران هۆشداریی توند بە ئیسرائیل دەدات

سەرکردایەتیی ئێران هەڕەشەی وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە لە ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان، هاوکات پاکستان وەک نێوەندگیر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر ئاگربەستێک دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە.

سەرکردە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی توند دەدەنە ئیسرائیل و جەخت لە وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە دەکەنەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشە وێرانکەرانەی کراونەتە سەر لوبنان. 

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە پەیامێکدا رایگەیاند، هەر پێشێلکارییەک لە ئاگربەستدا "وەڵامێکی توندی" بەدواوە دەبێت. 

قالیباف ئاماژەی بەوەش کرد، کە لوبنان بەشێکی دانەبڕاوە لە رێککەوتنی ئاگربەست و هیچ بوارێک بۆ پاشەکشە لەم پرسەدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشكیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پایمێکدا هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان بە "پێشێلکارییەکی روون" وەسف کرد.

 پزیشكیان رایگەیاند: "دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە و هەرگیز پشت لە خوشک و برا لوبنانییەکانمان ناکەین"، هۆشداریشی دا کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە پڕۆسەی دانوستان بێ بایەخ دەکات.

لای خۆیەوە جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان لە کۆبوونەوەیکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لوبنان لایەنی فەرمییە بۆ دانوستان و دەبێت هەمان ئەو دەرفەتەی دراوە بە ئێران و ئەمریکا، بدرێتە وڵاتەکەی ئێمەش بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست."

هاوکات نەواف سەلام، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شەهباز شەریف، هاوتا پاکستانییەکەی، داوای کرد لوبنان بخرێتە ناو چوارچێوەی رێککەوتنەکانەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی پاکستان کە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت، سەرکۆنەی "دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل"ی کرد.

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند: کە وڵاتەکەی هەوڵێکی راستگۆیانە دەدات بۆ ئاشتیی هەرێمی و جەختی کردەوە کە ئاگربەستە کاتییەکە دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە.

ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل دوێنێ توندترین هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر لوبنان ئەنجامدا، کە بە پێی ئامارەکانی بەرگری شارستانیی لوبنان، بووەتە هۆی کوژرانی 254 کەس و برینداربوونی هەزار و 165 کەسی دیکە.

 سەرەڕای جەختکردنەوەی پاکستان لەسەر گشتگیریی ئاگربەستەکە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل رەتیان کردووەتەوە کە لوبنان بەشێک بێت لەو رێککەوتنە، ئەمەش تەمومژێکی زۆری خستووەتە سەر ئاییندەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.