ئێران پێویستی بە شەش هەزار پزیشکی پسپۆر هەیە

جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پێویستی بە شەش هەزار پزیشکی پسپۆر هەیە و بەهۆی نەبوونی پارە و نەدانی مووچەکانیانەوە بۆ ماوەی 10 مانگ، پزیشکان ئامادە نین بچنە سەر کارەکانیان، هاوکات دابەزینی بەهای تمەنیش کڕینی ئامێرە پزیشکییەکانی زۆر قورس کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ی ئایاری 2026 بڵاوی کردەوە، سەجاد رەزەوی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ پارێزگاری کۆهگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد، باسی لە جێبەجێکردنی بەرنامەی پزیشکی خێزان و رێکخستنەوەی سیستەمی تەندروستی کردووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکاندا.

 هەروەها باسی لە گرفتی دواکەوتنی پێدانی مافە داراییەکانی پزیشکان کردووە و ئاماژەی بەوە کرد، لە هەندێک پارێزگای ئێران نۆ بۆ 10 مانگە پزیشکانی پسپۆر بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، مەیلی چوونە سەر کاریان نەماوە.

جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران روونیشی کردەوە، پێویستیان بە بڕە پارەیەکی جیاواز هەیە بۆ نوێکردنەوەی پێدانی مووچەی کارمەندانی پزیشکی، بۆ ئەوەی بتوانن هانی پزیشکانی پسپۆر بدەن لە خزمەتکردن بەردەوام بن. 

لەلایەکی دیکەوە باسی لە کێشەی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای تمەن کرد و ئەوەشی خستە روو، لە ساڵانی رابردوودا بە پارەیەکی دیاریکراو دەیانتوانی سەدان ئامێری گرنگ بۆ بەهێزترکردنی کەرتی تەندروستی بکڕن، بەڵام ئێستە بە هەمان پارە تەنیا دەتوانن چەند ئامێرێک بکڕن، بەتایبەتی ئامێرەکانی شکاندنی بەردی گورچیلە، سیتی سکان و تیشکی ئیم ئاڕ ئای.

لەکۆتاییدا سەجاد رەزەوی ئاشکرای کرد، کەرتی تەندروستیی وڵاتەکە رووبەڕووی کێشەی کەمیی پزیشکی پسپۆر بووەتەوە و بەگوێرەی ئامارەکانی بەردەستیان پێویستیان بە دامەزراندنی شەش هەزار پزیشکی پسپۆر هەیە. 

هەرچەندە هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی پزیشکانی باس نەکردووە، بەڵام لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، عەلی جەعفەریان جێگری پێشووی وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە حەوت ساڵی رابردوودا زیاتر لە 30 هەزار پزیشک بەفەرمی داوای چوونە دەرەوەی وڵاتیان کردووە.