عێراق و میسر جەخت لە پاراستنی ئاسایشی لوبنان و ناوچەکە دەکەنەوە
وەزیری دەرەوەی میسر هیواخوازیی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ بینینی رۆڵێکی "جیاواز و کاریگەر" لە لایەن عێراقەوە بۆ نزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکانی نێوان تاران و واشنتن، هاوکات هەردوولا باسیان لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە لوبنان کرد.
پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازیی لە بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر کرد.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە پرسە ناوچەییەکان کردەوە.
وەزیری دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوە کرد، کە سەردانەکەی بە راسپاردەی سەرۆککۆماری میسر بووە و ئامانج لێی تاوتوێکردنی ئەو قۆناغە ئاڵۆزەیە کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.
عەبدولعاتی تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی قاهیرە لە چوارچێوەی هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە هەماهەنگی چوارقۆڵی لەگەڵ پاکستان، بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست و رەخساندنی دەرفەتی هێورکردنەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی میسر هۆشداری دا لەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ئاگربەستی ئێستا دەکەن و داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی کرد بۆ سەرخستنی دانوستانەکانی داهاتوو لە پاکستان.
وەزیری دەرەوەی میسر ئاشکرای کرد، کە وڵاتەکەی چاوەڕوانی رۆڵێکی کارای عێراق دەکات لە پشتیوانیکردنی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی لوبنانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی سەربازی کردەوە.
هاوکات هەردوولا داوایان کرد کۆمکاری عەرەبی رۆڵێکی باڵاتر بگێڕێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
وەزیری دەرەوەی میسر، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی دووپات کردەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام لەگەڵ عێراق و گەلەکەیدایە بۆ پاراستنی سەروەری و سەقامگیرییەکەی.
لای خۆشیەوە فواد حوسێن سوپاسی هەڵوێستەکانی میسری کرد و جەختی کردەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە جووڵەیەکی نێودەوڵەتی یەکگرتوو هەیە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت.
بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.
لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.