ئەردۆغان بۆ پزیشکیان: پێویستە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ ئاشتییەکی بەردەوام بەکاربهێنرێن
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دانوستانەکانی داهاتووی نێوان تاران و واشنتن لە پاکستان، بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی بەکاربهێنرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، هەردوو سەرۆککۆماری تورکیا و ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تێیدا تیشک خرایە سەر ئەو دانوستانانەی بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە پاکستان لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوە بچن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی سەرۆکایەتیی تورکیا، ئەردۆغان بە پزیشکیانی راگەیاندووە: پێویستە ئەو دانوستاندنانەی بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێن، تا ئەوپەڕی ئاست بۆ مەبەستی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا بقۆزرێنەوە.
ئەم پەیوەندییە دوای ئەوە دێت کە هەریەکە لە واشنتن و تاران بە فەرمی بەشداری خۆیان لەو دانوستانانەدا پشتڕاستکردەوە کە بە نێوەندگیری و میوانداری پاکستان ئەنجام دەدرێن، بەو هیوایەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات کەم ببنەوە.