سعوودیە: بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بەرهەمهێنانی نەوت 600هەزار بەرمیل کەمی کردووە

شانشینی عەرەبستانی سعوودی رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەی ئێران کە لەم دواییانەدا و لە چوارچێوەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردوویەتییە سەر دامەزراوەکانی وزە، کارەکانی ژمارەیەک لەو دامەزراوانە لە سەرانسەری وڵاتدا وەستاون.

ئاژانسی هەواڵی سعوودی (واس) لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی وزەی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە: دامەزراوەکانی وزە لە شانشینی سعوودیە لەم دواییانەدا رووبەڕووی چەندین هێرشی جۆراوجۆر بوونەتەوە، کە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، گواستنەوە، پاڵاوگە، پترۆکیمیاوی و کەرتی کارەبای لە شارەکانی ڕیاز، ناوچەی ڕۆژهەڵات و شاری پیشەسازی یەنبووع گرتووەتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی پەککەوتنی ژمارەیەک لە پرۆسە کارپێکردنەکان لە دامەزراوە سەرەکییەکانی ناو سیستەمی وزەی وڵاتدا و رایگەیاندووە، "ئەم دۆخە بووەتە هۆی دابەزینی توانای بەرهەمهێنانی شانشینی سعوودیە بە بڕی 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا."

ئەم هۆشدارییەی سعوودیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە ئاڵۆزییەکی زۆردا تێدەپەڕێت و هێرشەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی و ئاسایشی ئابووری ناوچەکە دروست کردووە.