ناتانیاهۆ: دەست بە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ لوبنان بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا دەکەین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند: کە وڵاتەکەی لە زووترین کاتدا دەست بە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ لوبنان دەکات. هاوکات جەختی کردەوە، کە ئامانجی سەرەکیی ئەم دانوستانە داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و گەیشتنە بە رێککەوتنی ئاشتی.

پێنجشەممە، 9ـی نیسانی  2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی داواکارییە بەردەوامەکانی لایەنی لوبنانی بۆ دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ، ناتانیاهۆ فەرمانی کردووە لە زووترین کاتدا دانوستان لەگەڵ لوبنان دەست پێبکرێت."

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم دانوستانە بریتین لە داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و رێکخستنی پەیوەندییەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان تەلئەڤیڤ و بەیرووتدا.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستخۆشی لە پێشنیارەکەی نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کرد کە داوای کردبوو بەیرووت بکرێتە شارێکی داماڵراو لە چەک.

لە لایەکی دیکەوە، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، ئەم هەڵوێستە نوێیەی ناتانیاهۆ دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دێت کە رۆژی چوارشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف ئەنجامی داوە.

بە پێی زانیارییەکانی پێگەی هەواڵییەکە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ویتکۆف داوای لە ناتانیاهۆ کردووە ئاستی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر لوبنان "کەم بکاتەوە" و دەرفەت بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان بڕەخسێنێت، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکانی ناوچەکە.