ترەمپ بۆ ئێران: باج لە کەشتییەکانی گەرووی هورمز وەرمەگرە
سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ وەرگرتنی باج و رسومات لەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە رابگرێت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.
پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس" نووسیویەتی: "راپۆرت هەن باس لەوە دەکەن، ئێران باج لەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە وەردەگرێت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن؛ باشتر وایە ئەو کارە نەکات".
ترەمپ لە پەیامەکەیدا هۆشداریی دایە تاران و رایگەیاند: ئەگەر باج لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان وەردەگریت، هەر ئێستا دەست لەو کارە هەڵگرە و ئیدی باج وەرمەگرە.
ئەم کاردانەوەیەی ترەمپ دوای بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێک دێت کە باس لەوە دەکەن هێزە دەریاییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز، کە گرنگترین ڕێڕەوی گواستنەوەی وزەیە لە جیهاندا، داوای باج و ڕسومات لە کەشتییە تێپەڕبووەکان دەکەن.