سوودانی و بەدر عەبدولعاتی جەخت لە پاراستنی سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای چڕکردنەوەی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتەکانی جەنگ و پاراستنی سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە.

پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر کرد و پێکەوە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بە پێی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، لە دیدارەکەدا باس لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرا بۆ راگرتنی پەرەسەندنە سەربازییەکان.

 سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئاگربەست جێگیر بکرێت و بە شێوەیەک بێت کە لوبنانیش بگرێتەوە، هەروەها جارێکی دیکە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر گەلی لوبنان سەرکۆنە کرد.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، کە عێراق بەردەوامە لە پشتگیریکردنی دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. 

لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی میسر پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ دیدگەی حکوومەتی عێراق دەربڕی لە دوورخستنەوەی ناوچەکە لە لێکەوتە وێرانکەرەکانی جەنگ.

بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.

لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.