کایا کالاس: رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەبێت دۆسیەی مووشەکی و گرووپە چەکدارەکانیش بگرێتەوە

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رەخنەی توند لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو دەگرێت و رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بەهۆی فەرامۆشکردنی وڵاتانی ناوچەکە تووشی هەڵەیەکی بنەڕەتی بووە، هاوکات جەخت لە پاراستنی ئازادیی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز دەکاتەوە.

کایا کالاس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو هێرشانەی ئێران دەیکاتە سەر وڵاتانی کەنداو بە هیچ شێوەیەک پاساویان نییە. کالاس داوای کرد کە هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانە هەستیارەکانی وەک وێستگەکانی وزە لەو هێرشانە بپارێزرێن.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 "هەڵەیەکی جەوهەری" تێدابوو، ئەویش بەشدارینەکردنی وڵاتانی ناوچەکە بوو لە کاتی داڕشتنیدا. گوتیشی: "هەر رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران، دەبێت بەرنامەی مووشەکی و میلیشیاکانی ئەو وڵاتە بگرێتەوە، نەک تەنیا دۆسیەی ئەتۆمی."

هەروەها کالاس پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد و بە باشترین دەرفەت بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی کرد. جەختیشی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، دەبێت گەرەنتی ئەوە بدات کە تاران چیدی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری وڵاتانی دراوسێی و کۆتاییەکی راستەقینە بە شەڕ بهێنرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کایا کالاس ئاماژەی بە پێویستیی گفتوگۆکردن لەسەر مەترسییەکانی بەرنامەی مووشەکی بالیستی، هەڕەشە سێبەرەکان (ئەلیکترۆنی) و چالاکییەکانی ئێران لە رێگەی گرووپەکانی وەک (حەماس، حزبوڵڵا و حوسییەکان) کرد.

سەبارەت بە گەرووی هورمز، کالاس گوتی: "ئازادیی کەشتیوانی یەکێکە لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، نابێت هیچ وڵاتێک ئەو بیرۆکەیەی هەبێت کە مافی ئەوەی هەیە باج یان سەرانە لە رێڕەوە ئاوییەکاندا وەربگرێت."