سبەی بانکەکانی ئێران دەکرێنەوە

کارمەندانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ماڵەوە کار دەکەن

بڕیار وایە سبەی شەممە سەرجەم لقەکانی بانک لە سەرانسەری ئێران دەستبەکارببنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی هەماهەنگی بانکەکانی ئێران، لەسبەی شەممەوە تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە، هەموو لقەکانی بانک لە سەرانسەری وڵاتەکە و یەکە ناوەندییەکان لە تاران دەستبەکار دەبن. 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە بەڕێوەبەری بانکەکان دەتوانن سوود لە ئاییننامەی "دوورکاری" واتە "کارکردن لە ماڵەوە" وەربگرن، بەپێی ئایینامەکە کارمەندانی خاوەن پێداویستی تایبەت، خانمانی دووگیان، یان ئەوانەی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت یان منداڵی تەمەن شەش ساڵ و کەمتریان هەیە دەتوانن لە ماڵەوە کار بکەن. هاوکات لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە بڕیارەکە ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە کە نەخۆشیی تایبەتیان هەیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان جێبەجێ دەکرێت. 

هاوکات پارێزگارانیش لەم چوارچێوەیەدا دەسەڵاتیان پێدراوە بەپێی بارودۆخی پارێزگاکانیان بڕیار لەسەر چۆنیەتی کارکردنی دەزگا جێبەجێکارەکان و ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە بدەن کە پێویستە لە شوێنی کار ئامادە بن. 

ئەم بڕیارە دوای ماوەیەک لە "ئامادەباشی سەربازی و ئەمنی" دێت. حکوومەت لە رێگەی کردنەوەی بانکەکان و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان، دەیەوێت لە لایەکەوە "سەقامگیری ئابووری" بگەڕێنێتەوە و لە لایەکی دیکەوە لە ڕێگەی "دوورکاری"یەوە فشار لەسەر ئەو توێژانە کەم بکاتەوە کە لە کاتی جەنگ و گرژیدا زیاتر مەترسییان لەسەرە