خەتیبزادە: کەشتییە ئەمریکییەکانیش دەتوانن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت " گەرووی هورمز لەبەردەم تێپەڕبوونی کەشتییەکان کراوەیە و کەشتیەکانی ئەمریکاش دەتوانن بە هەماهەنگی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەم گەرووە تێپەڕن"، هەروەها سوپای پاسداران رایگەیاند، بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز چووەتە قۆناخێکی نوێ.
سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، لە بارەی دۆخی گەرووی هورمز، روونکردنەوەیەکی کورتیداوە و دەڵیت " گەرووی هورمز کراوەیە، بەڵام بەهۆی سنوورداربوونییەوە دەبێت کەشتیەکان بۆ تێپەڕبوون هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئێران بکەن".
بە گوتەی خەتیبزادە، تەنانەت کەشتییە ئەمریکییەکانیش دەتوانن بەو گەرووەدا تێپەڕن، بەڵام بە مەرجێک هیچ رەفتارێکی دوژمنکارانە نەکەن.
هەروەها جەختیکردووەتەوە "لە رێگەی لایەنە ئەمنییەکانمانەوە ئاسایش و ئەمنییەتی تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز زامن دەکەین".
هەر لە بارەی گەرووی هورمزەوە، فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاویکردووەتەوە و ئاماژیداوە "بە گوێرەی ئەو تاقیکردنەوەیەی لەم دوو رۆژەدا کردومانە، بۆ وڵاتانی دۆست و دوژمن سەلماندمان، بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز چووەتە قۆناخێکی نوێ".
هەروەها فەرماندەییەکە ماوەی ئاگربەستی شەڕی وڵاتەکەی بەرانبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل بە قۆناخی بێدەنگی و سەرکەوتنی سەربازی ناوبردووە.
پێشتریش حەمید حوسەینی، گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی نەوت و غازی ئێران ئاشکرای کردبوو، تاران لە ماوەی ئاگربەستی شەڕدا لەگەڵ ئەمریکا، بۆ تێپەڕبوونی هەر بەرمیلێک نەوت بە گەرووی هورمزدا یەک دۆلار باج وەردەگرێت، هەر کەشتییەکیش مۆڵەت وەرنەگرێت و باجەکە نەدات، دەکرێتە ئامانج.