مانگی سووری ئێران ئاماری زیانە ماددییەکانی 39 رۆژەی جەنگی بڵاوکردەوە

سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران دوا ئاماری زیانە ماددیەکانی جەنگی 39 رۆژەی دژ بە وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و بە گوێرەی ئامارەکان لەسەرتاسەری ئێران زیاتر لە 125 هەزار شوێنی مەدەنی زیانیان پێگەیشتووە.

پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، 125 هەزار و 630 شوێنی مەدەنی لە سەرتاسەری ئێران بەهۆی جەنگی سەپێندراو زیانی پێگەیشتووە، لە نێویاندا 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون هەن کە بەشێکیان بە تەواوی خاپوور بوون.

هەر بە گوتەی کۆلیوەند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرتاسەری ئێران 23 هەزار و 500 شوێنی بازرگانی لەگەڵ 339 بنکەی تەندروستی، نۆرینگەی پزیشکی و دەرمانخانە زیانیان پێگەیشتووە.

هەر بەهۆی هێرشەکانەوە 32 زانکۆ، 857 قوتابخانە، 20 ناوەندی مانگی سوور زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها 15 ژێرخانی وەک کۆگای سووتەمەنی، فڕۆکەخانە و فڕۆکەی مەدەنی زیانیان بەر کەوتووە.

بەرە بەیانی 28ی شوباتی 2026، هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی یەکەم هێرشیان بۆ سەر ناوەندە سەربازیی و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران دەستپێکرد و دوای 39 رۆژ شەڕ و پێکدادانی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و هێرشی درۆن و مووشە، دواجار بە نێوەندگیری پاکستان ئاگربەستێکی کاتی بۆ دوو هەفتە راگەیەندراو بڕیارە سبەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەبچێت.