نێتبلۆکس: نزیکەی 1000 کاتژمێرە ئێران بێ ئینتەرنێتە
رێکخراوی نێتبلۆکس بۆ چاودێریی ئاسایشی ئینتەرنێت رایگەیاند،" بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران پێی ناوەتە 42هەمین رۆژی و دەسەڵاتی تاران تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدات ئینتەرنێت بەکاربهێنن کە مەبەستیانە پەیامی دەسەڵات بە جیهان بگەیەنن."
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی نێتبلۆکس، بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران بۆ ماوەی 984 کاتژمێرە بەردەوامە. لە کاتێکدا زۆربەی هاووڵاتییان تەنیا رێگەیان پێدەدرێت "تۆڕی زانیاریی نیشتمانی" (ئینتەرنێتی ناوخۆیی) بەکاربهێنن، بەڵام رژێم کۆمەڵێک بەکارهێنەری دیاریکراوی خستووەتە ناو "لیستی سپی" (Whitelist).
نێتبلۆکس ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسانەی لەلایەن رژێمەوە رێگەیان پێدراوە دەستڕاگەیشتنیان بە ئینتەرنێت هەبێت، ئەرکیان ئەوەیە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گێڕانەوە و پەیامە جێگرەوەکانی حکومەت بۆ جیهانی دەرەوە بگوازنەوە، لە کاتێکدا خەڵکی ئاسایی لە ژێر گەمارۆی دیجیتاڵیدان.
ئەم بڕینە سەرتاسەرییەی ئینتەرنێت لە ئێران، هاوکاتە لەگەڵ دەسپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کە ماوەی 39 رۆژ بەردەوامیی هەبوو.
ئەم پچڕانەی ئینتەرنێت لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە پێشێلکارییەکی روونی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین دادەنرێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئینتەرنێت وەک تاکە رێگەی پەیوەندیی هاووڵاتییان بە جیهانی دەرەوە و دڵنیابوونەوە لە دۆخی ئازیزانیان لە کاتی شەڕدا تەماشا دەکرێت.
شایەنی باسە هاووڵاتییانی ئێران تەنیا دەتوانن هێڵە نێوخۆییەکان بەکاربهێنن بۆ پەیوەندیکردن و شارەزایان پێیان وایە هەمووی لەژێر چاودێری حکوومەتی ئێرانە و تەنانەت هەندێک لەو دەستەواژانەی کە بە هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران هەژمار دەکرێن فیلتەردەکرێن لەنێو نامەکاندا.