سوپای ئیسرائیل: لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە 4300 پێگەی حزبوڵڵامان لە لوبنان تێکشکاندووە
سوپای ئیسرائیل ئامارێکی نوێی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان بڵاوکردەوە و رایگەیاند ماوەی زیاتر لە مانگێکدا، توانیویانە 4300 پێگەی حزبوڵڵا تێکبشکێنن. بەپێی راگەیەندراوەکە، پێنج فیرقەی سەربازیی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامن لە تێکدانی ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە و دەستیان بەسەر هەزاران پارچە چەک و مووشەکدا گرتووە.
هەینی 10ـی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل ئامارێکی نوێی دەربارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو خاکی لوبنان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە 2ـی ئاداری رابردووەوە، توانیویانە زیاتر لە 4300 پێگە و بنکەی جیاوازی گرووپی حزبوڵڵا تێکبشکێنن و لە نێوی ببەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، ئێستا پێنج فیرقەی سەربازیی ئیسرائیل بە شێوەی چڕوپڕ، ئۆپراسیۆنی زەمینیی سنووردار و ئامانجدار لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری لوبنان بەڕێوە دەبەن. جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانیان بەردەوامن لە هەڵکوتانە سەر مۆڵگەکانی حزبوڵڵا و تێکشکاندنی ژێرخانە سەربازییەکانی ئەو گرووپە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەشی داوە، فیرقەکانی 162 و 36، توانیویانە زیاتر لە 2700 پێگەی ژێرخانی سەربازی تێکبشکێنن. هەروەها دەستیان بەسەر زیاتر لە 250 پارچە چەکدا گرتووە، کە پێکهاتوون لە مووشەکی دوورهاوێژ، موشەکی دژە تانک، ئار پی جی (RPG)، چەکی سوک و بۆمبی چێنراو.
باسی لەوەش کردووە، فیرقەکانی 91، 98 و 146، ئەم هێزانەش توانیویانە زیاتر لە 1500 پێگەی سەربازیی حزبوڵڵا کۆنتڕۆڵ بکەن و پەکبخەن. هاوکات دەستیان بەسەر زیاتر لە 1000 پارچە چەکی جۆراوجۆر و کەرەستەی سەربازیی جیاوازدا گرتووە.
سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، هێزە ئاسمانییەکانیان بەردەوامن لە پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ هێزە زەمینییەکان. راشیگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ یەکە مەیدانییەکان ئەنجام دەدرێن بۆ پێکانی ئەو ئامانجانەی کە مەترسی بۆ سەر هێزەکانیان دروست دەکەن.