نەعیم قاسم: هیچ سازشێکی بێبەرامبەر قبوڵ ناکەین و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو نییە

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان دووپاتی دەکاتەوە، کە خۆڕاگریی گەل و ئیرادەی جەنگاوەران خەونەکانی ئیسرائیلی لەباربردووە و داوا لە بەرپرسانی وڵات دەکات هیچ سازشێکی سیاسی بە بێبەرامبەر نەکەن.

هەینی، 10ـی نیسانی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەی پاڵەوانانی بەرگریدا دەستەوەستان بووە و نەیتوانیوە هێرشی زەمینی ئەنجام بدات".

روونیشی کردەوە، کە "دوژمن چەندین جار ئامانجەکانی گۆڕیوە؛ جارێک دەڵێت دەمانەوێت بگەینە رووباری لیتانی و جارێکی تریش دەڵێت پێشڕەوییەکی سنووردار دەکەین."

جەختیشی کردەوە کە "ناگەڕێینەوە بۆ دۆخی رابردوو و داوا لە بەرپرسانیش دەکەین کۆتایی بە سازشە بێبەرامبەرەکان بهێنن."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل لە ماوەی زیاتر لە 40 رۆژ لە دەستدرێژییەکانیدا، سەرکەوتوو نەبووە لە رێگریکردن لە مووشەک و درۆنەکان کە دەگەنە ناو تەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.

نەعیم قاسم:، گوتیشی:"کۆکردنەوەی سەد هەزار سەرباز یارمەتی ئیسرائیل نادات بۆ داگیرکاری، بەڵکو دەبنە، ئەوانەشی لە مەیدانەکەدا ماونەتەوە لەناو ترس و تۆقیندا دەژین."

ئەمەش لە کاتێکدایە سەرکردایەتیی ئێران، هەڕەشەی وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە لە ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان، هاوکات پاکستان وەک نێوەندگیر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر ئاگربەستێک دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە.