کۆشکی سپی: پلانی جێگرەوە بۆ پاراستنی گەرووی هورمز ئامادەیە

کۆشکی سپی رایگەیاند: کە ئەمریکا خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە و لە ئەگەری شکستی گفتوگۆکان لەگەڵ تاران، پلانی دیکەی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز هەیە.

هەینی، 10ـی نیسانی 2026، کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا پلانی جێگرەوەی هەیە بۆ گەرووی هورمز لە کاتی شکستهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.

بە پێی راگەیەنراوەکە، لەگەڵ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە کەرتی وزەدا لە ئارادایە.

بەر لەوەی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران رابگەیەنەرێت، سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان داخستبوو، کە ئەمەش ببووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهان.

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و پێشتر بەهۆی داخستنییەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.

لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.