قالیباف دوو مەرج بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان رادەگەیەنێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، تەنیا 24 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد، دوو مەرجی بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند و جەختی کردەوە کە دەبێت ئاگربەست لە لوبنان رابگەیەنرێت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن

هەینی 10ـی نیسانی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە  تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردووە و تێیدا هۆشداری دا کە تاوەکو دوو مەرجی سەرەکی جێبەجێ نەکرێن، تاران دەست بە دانوستانە راستەوخۆکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناکات. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی شەممە یەکەمین خولی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد دەستپێبکات.

قالیباف ڕایگەیاند، دوو بڕگەی سەرەکی هەبووە کە هەردوولا لەسەری رێککەوتبوون، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون. جەختی کردەوە کە دەبێت ئاگربەست لە لوبنان رابگەیەنرێت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن پێش ئەوەی شاندی هەردوو وڵات لە پاکستان دابنیشن. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: ئەم دوو بابەتە دەبێت پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان جێبەجێ بکرێن

ئەم لێدوانانەی قالیباف جارێکی دیکە جیاوازیی قووڵی نێوان تاران و واشنتنی دەرخستەوە؛ چونکە لە کاتێکدا قاڵیباف ئاگربەستی لوبنان بە مەرجی دانوستان دەزانێت، کۆشکی سپی پێشتر رایگەیاندبوو ئاگربەستی ئێستا وڵاتی لوبنان ناگرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی شەممە یەکەم دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا بە بەشدارەیی قالیباڤ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت.