عێراقچی: رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا، لوبنانیش دەگرێتەوە

تاران مەرجی جێگیرکردنی لوبنان لە ناو هەر رێککەوتنێکی ئاگربەست لەگەڵ واشنتن دووپات دەکاتەوە؛ عەباس عێراقچی رایگەیاند: کە دەبێت هێرشەکانی ئیسرایل بۆ سەر خاکی لوبنان بە تەواوی بوەستێنرێن.

هەینی، 10ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا، لوبنانیش دەگرێتەوە."

جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ئەمەریکا پابەندی بەڵینەکانی بێت و بەندەکانی نێو رێککەوتنی ئاگربەستەکە بە تەواوی جێبەجێ بکات.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لە پێویستیی راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کردەوە.

بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.

لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە سبەی شەممە 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.