قالیباف لە ئیسلام ئاباد: متمانەمان بە ئەمریکا نییە و ئامادەی هەموو ئەگەرێکین
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، جەختی لە بێ متمانەیی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئەمریکا کردەوە. ئەم لێدوانانەی قالیباف تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی دانوستانە فەرمییەکانی نێوان تاران و واشنتن دێت.
قاڵیباف لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند: "ئێمە نییەتپاکیمان هەیە، بەڵام متمانەمان نییە. ئەزموونی پێشوومان لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان هەمیشە رووبەڕووی شکست و پەیمانشکێنی بووەتەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەردوو بژاردەی ئاشتی و رووبەڕووبوونەوە کرد و گوتی: "لە شەڕدا سەلماندمان کە ئامادەین؛ ئەگەر لایەنی ئەمریکی بیەوێت دانوستان بۆ فێڵ و خەڵەتاندن بەکاربهێنێت، ئەوا هەوڵەکانی بێسوود دەبن. بەڵام ئەگەر واشنتن ئامادەی رێککەوتنێکی راستەقینە بێت و مافەکانی گەلی ئێران بدات، ئێمەش بۆ ئەوە ئامادەین."
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئیسلام ئاباد دەستپێبکەن. ئەم هەنگاوە دوای ئەو ئاگربەستە دێت بەرەبەیانی چوارشەممەی رابردوو چوونە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆتایی بەو جەنگە هێنا کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە هەڵگیرسابوو.
بە سەرۆکایەتی "جی دی ڤانس" جێگری سەرۆکی ئەمریکا، و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت و جارید کۆشنەر بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەن.
بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی، و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی، و عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندیی بەشداری دەکەن.