هەواڵگریی ئەمریکا: چین لە رووی سەربازییەوە هاوکاریی ئێران دەکات

میدیاکانی ئەمریکا لەسەر زاری دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەیانەوە بڵاویانکردەوە، چین لە ئامادەکاریدایە بۆ ناردنی بارهەڵگرێکی چەک بۆ ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی ئاگربەستی ناسەقامگیردایە.

تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە، درەنگانی شەوی هەینی زانیارییەکان گەیشتوون کە پەکین خۆی ئامادە دەکات بۆ رەوانەکردنی چەک بۆ تاران، هاوکات لەگەڵ ئەو هێورییە کاتییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە.

تۆڕی ناوبراو لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار لە نوێترین هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان گواستوویەتییەوە، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە چین لە چەند هەفتەی داهاتوودا بارێکی نوێ لە "سیستەمی بەرگریی ئاسمانی" پێشکەوتوو رادەستی ئێران دەکات.

ئەم جموجۆڵە سەربازییەی نێوان پەکین و تاران لە کاتێکدایە چاودێران بە وردی چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکەن و هۆشداری لە تێکچوونی زیاتری بارودۆخەکە دەدرێت.