دانوستانی راستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد دەست پێ دەکات

شاندی باڵای هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا قۆناخێکی نوێی دانوستانی راستەوخۆ لە پاکستان دەست پێ دەکەن، ترەمپیش هۆشداریی توند دەدات.

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، دوای 40 رۆژ لە جەنگ و هەڕەشە و راگەیاندنی ئاگربەست، قۆناخێکی نوێ لە دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەست پێ دەکات.

دانوستانی ئەمجارە زۆر جیاواز دەبێت و بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەڕێوە دەچێت.

شەوی رابردوو تیمێکی 70 کەسیی ئێران گەیشتنە پاکستان. لەو 70 کەسە 26ـیان ئەندامی دانوستانکارن و 23 کەسی دیکەش راگەیاندنکار بوون.

 

 

 محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرکردایەتیی تیمەکە دەکات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و جێگرەکانی لەگەڵدایە، هەروەها عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێرانیشیان لەگەڵە.

لە لایەنی ئەمریکیشەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ترەمپ و جارێد کوشنەر، راوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی، لە دانوستانەکاندا ئامادە دەبن.

 بەر لە کۆبوونەوەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وا دەردەکەوێت ئێرانییەکان نەزانن هیچ کارتێکی گوشاریان بەدەستەوە نەماوە، جگە لە سەپاندنی باجی کورتخایەن لەسەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆ بەرپرسانی ئێران لە ژیاندان دەگەڕێتەوە بۆ دانوستان.

چەند رۆژێکە لە پاکستان رێکار و ئامادەکاریی تەواو بۆ دانوستانەکە گیراوەتە بەر و لەو وڵاتە کراوەتە پشوو. بەرپرسانی پاکستان ئەمڕۆ ئەوەیان پشتڕاست کردەوە، کۆبوونەوەکان لە هۆتێل سێرینا لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە دەچن.