زانیاری لەبارەی ئەو هۆتێلەی میوانداریی دانوستانەکانی واشنتن و تاران دەکات

هۆتێلی "سێرینا"
هۆتێلی "سێرینا"

بە مەبەستی میوانداریکردنی دانوستانی راستەوخۆ و مێژوویی نێوان هەردوو شاندی باڵای ئەمریکا و ئێران، حکوومەتی پاکستان گەورەترین و نایابترین هۆتێلی پایتەختی چۆڵ کرد و رێکاری توندی ئەمنی لە دەوروبەری شوێنی کۆبوونەوەکان گرتە بەر.

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، دوای 40 رۆژ لە جەنگ و گرژی و راگەیاندنی ئاگربەست، قۆناخێکی نوێ لە دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەست پێ دەکات.

 بۆ ئەم مەبەستە لقی ئیسلام ئابادی زنجیرە هۆتێلی "سێرینا" بووەتە چەقی سەرنجی جیهان، حکوومەتی پاکستان بە تەواوی هۆتێلەکەی بۆ شاندەکانی واشنتن و تاران تەرخان کردووە و سەرجەم میوانەکانی دیکەی لێ دەرکردووە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی دیپلۆماسیی جیهانی.

هۆتێلەکە یەکێکە لە ناوەندە پێنج ئەستێرە و بەناوبانگەکانی پاکستان، خاوەنی 334 ژوور و 53 سوێتە، دیزاینەکەی ئاوێتەیەکە لە تەلارسازیی رەسەنی ئیسلامی و مۆدێرن. 

لەپێناو پاراستنی شاندەکان، هێزە ئەمنییەکانی پاکستان ناوچەیەکی سێ کیلۆمەترییان لە دەوری هۆتێلەکە داخستووە و چاودێرییەکی توندی ئەمنییان سەپاندووە.

شەوی رابردوو تیمێکی 70 کەسیی ئێران گەیشتنە پاکستان. لەو 70 کەسە 26ـیان ئەندامی دانوستانکارن و 23 کەسی دیکەش راگەیاندنکارن. محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی ئێران، سەرکردایەتیی تیمەکە دەکات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و جێگرەکانی لەگەڵدایە، هەروەها عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێرانیشیان لەگەڵە.

لە لایەنی ئەمریکیشەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ترەمپ و جارێد کوشنەر، راوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی، لە دانوستانەکاندا ئامادە دەبن. 

بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وا دەردەکەوێت ئێرانییەکان نەزانن هیچ کارتێکی گوشاریان بەدەستەوە نەماوە، جگە لە سەپاندنی باجی کورتخایەن لەسەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان. ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆ بەرپرسانی ئێران لە ژیاندان دەگەڕێتەوە بۆ دانوستان.