زەوی بۆ هەزاران فەرمانبەری دهۆک ئامادە دەکرێت

دهۆک
دهۆک

سەرۆکی شارەوانی فەیدیێ لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، پلانیان هەیە 10 هەزار دۆنم زەوی لە چوارچێوەی ماستەرپلانی نیشتەجێبووندا ئامادە بکەن، کە لە 25 هەزار پارچە زەوی پێکهاتووە. ئەم هەنگاوە بەهۆی کەمیی زەوی لە سەنتەری دهۆک گیراوەتەبەر، کە بووەتە هۆی ئەوەی 10 هەزار فۆڕمی فەرمانبەرانی ئەو سنوورە بۆ شارەوانی فەیدیێ بنێردرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد رەمەزان، سەرۆکی شارەوانی فەیدیێ گوتی: "پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان بە شێوەیەکی باش بەردەوامە و هەتا ئێستا تەنیا لە سنووری شارەوانی فەیدیێ نزیکەی 10 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون، کە زۆربەیان رەزامەندی پێشوویان هەبوو، بەجۆرێک تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا 6 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکەمان دابەشکراون."

سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی لە ساڵی 2024 فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، رەمەزان روونیکردەوە، ئێستا 2 هەزار و 500 پارچە زەویی نوێ ئامادەن و نزیکەی 5 هەزار و 500 فۆڕمی نوێ لە سنووری فەیدیێ گەیشتووەتە دەستیان.

رەمەزان ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە 10 هەزار فۆڕمی دیکەی فەرمانبەرانی سەنتەری دهۆکیشیان بۆ بنێردرێت، چونکە لە سەنتەری دهۆک زەویی پێویست بۆ دابەشکردن نەماوە.

سەبارەت بە رێکارە کارگێڕییەکان، سەرۆکی شارەوانی فەیدیێ روونیکردەوە، ئێستا خەریکی چارەسەرکردنی هەندێک گرفتی یاسایی، بابەتی تاپۆ و قەرەبووکردنەوەی جووتیارانن. رەمەزان پێشبینی دەکات لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا هەموو رێکارەکان کۆتاییان پێ بێت و زەوییەکان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەران ئامادە بکرێن.