وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بۆ کوردستان24: دانوستانی ئەمجارەی ئەمریکا و ئێران جیاوازە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، گەشبینن دانوستانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئێران ئەنجامی ئەرێنی هەبێت. گوتیشی، "دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، راگەیەنراوی فەرمیمان دەبێت". 

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، تاهیر ئەندارابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، لەبارەی دانوستانی راستەوخۆی هەردوو شاندی باڵای ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد، بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەم گەڕەی دانوستانە جیاوازە و ناتوانین پێشبینی بکەین دەگەنە رێککەوتن یان نا، بەڵام گەشبینین کۆبوونەوەکە ئەنجامی ئەرێنی دەبێت". 

لە وەڵامی پرسیاری، "ئەگەر ئەمڕۆ دانوستانەکان ئەنجامی نەبوو، ئیسلام ئاباد میوانداریی هیچ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان دەکات؟"  گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان گوتی "ئامادەین بۆ میوانداریکی هەر گەڕێکی دیکەی دانوستان، بەڵام جارێ نازانین هیچ گەڕێکی دیکە بەڕێوەدەچێت یان نا". 

ئەندارابی باسی لەوەش کرد، دوای تەواوبوونی دانوستانی راستەوخۆی ئەمڕۆ نێوان هەردوو شاندی باڵای ئەمریکا و ئێران؛ بەرپرسانی پاکستان راگەیەنراوێکی فەرمی بۆ رای گشتی و میدیاکان بڵاودەکەنەوە. 

دانوستانی راستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد دەست پێ دەکات

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، دوای 40 رۆژ لە جەنگ و هەڕەشە و راگەیاندنی ئاگربەست، قۆناخێکی نوێ لە دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەست پێ دەکات.

دانوستانی ئەمجارە زۆر جیاواز دەبێت و بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەڕێوە دەچێت.

ئەندامانی شاندی هەردوولا

شەوی رابردوو تیمێکی 70 کەسیی ئێران گەیشتنە پاکستان. لەو 70 کەسە 26ـیان ئەندامی دانوستانکارن و 23 کەسی دیکەش راگەیاندنکار بوون.

 محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرکردایەتیی تیمەکە دەکات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و جێگرەکانی لەگەڵدایە، هەروەها عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێرانیشیان لەگەڵە.

لە لایەنی ئەمریکیشەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ترەمپ و جارێد کوشنەر، راوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی، لە دانوستانەکاندا ئامادە دەبن.

 هۆشدارییەکەی ترەمپ پێش دانوستانەکە

بەر لە کۆبوونەوەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وا دەردەکەوێت ئێرانییەکان نەزانن هیچ کارتێکی گوشاریان بەدەستەوە نەماوە، جگە لە سەپاندنی باجی کورتخایەن لەسەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆ بەرپرسانی ئێران لە ژیاندان دەگەڕێتەوە بۆ دانوستان.

ئەو هۆتێلەی میوانداریی دانوستانەکانی واشنتن و تاران دەکات

 لقی ئیسلام ئابادی زنجیرە هۆتێلی "سێرینا" بووەتە چەقی سەرنجی جیهان، حکوومەتی پاکستان بە تەواوی هۆتێلەکەی بۆ شاندەکانی واشنتن و تاران تەرخان کردووە و سەرجەم میوانەکانی دیکەی لێ دەرکردووە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی دیپلۆماسیی جیهانی.

هۆتێلەکە یەکێکە لە ناوەندە پێنج ئەستێرە و بەناوبانگەکانی پاکستان، خاوەنی 334 ژوور و 53 سوێتە، دیزاینەکەی ئاوێتەیەکە لە تەلارسازیی رەسەنی ئیسلامی و مۆدێرن. 

لەپێناو پاراستنی شاندەکان، هێزە ئەمنییەکانی پاکستان ناوچەیەکی سێ کیلۆمەترییان لە دەوری هۆتێلەکە داخستووە و چاودێرییەکی توندی ئەمنییان سەپاندووە.