ڕۆیتەرز نوێترین زانیاری دەربارەی موجتەبا خامنەیی بڵاوکردەوە
سێ سەرچاوەی نزیک لە بازنەی بڕیاربەدەستی ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان راگەیاندووە؛ موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران، هێشتا لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە دوای ئەوەی لەو هێرشە ئاسمانییەی بووە هۆی کوژرانی باوکی، تووشی برینداریی سەخت بووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی سەرکردایەتی لە ناوەڕاستی تاران، دەموچاوی موجتەبا خامنەیی شێواوە و پێکانێکی سەختی لە یەکێک یان هەردوو قاچیدا هەیە. سەرەڕای ئەمانەش، جەخت دەکرێتەوە لە رووی مێشک و هۆشیارییەوە لە ئاستێکی بەرزدایە و بەشداریی کۆبوونەوە گرنگەکان دەکات.
باس لەوە کراوە ڕێبەری نوێ لە رێگەی کۆنفرانسی دەنگییەوە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکان دەکات و بڕیار لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی وەک جەنگ و دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن دەدات. ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران لە قەیرانێکی قووڵدایە و دانوستانەکانی ئاشتی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستی پێکردووە.
لە دوای 8ـی ئادار و دەستبەکاربوونی وەک جێگرەوەی باوکی، هیچ وێنە یان ڤیدیۆیەکی ناوبراو بڵاونەکراوەتەوە. ئەم بێدەنگییە گومانی زۆری لای خەڵک دروست کردووە، بەڵام میدیای دەوڵەتی ئێران ئاماژە بە برینداربوونی دەکات.
شرۆڤەکاران لەوانە "ئەلێکس ڤاتانکا"، پێیان وایە موجتەبا خامنەیی ناتوانێت وەک باوکی خاوەنی دەسەڵاتی رەها بێت. ئێستا سوپای پاسداران وەک دەنگی سەرەکی لە بڕیارە ستراتیژییەکاندا دەرکەوتووە و موجتەبا تەنیا وەک یەکێک لە دەنگە کاریگەرەکان دەبینرێت، نەک تاکە بڕیاردەر.
سەرچاوەکان دەڵێن؛ پێشبینی دەکرێت لە ماوەی مانگێک یان دوو مانگی داهاتوودا وێنەی نوێی بڵاوبکرێتەوە، بەڵام دەرکەوتنی راستەوخۆی بەستراوەتەوە بە باشتربوونی باری تەندروستیی و سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنی.
تائێستا نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەم زانیارییانەی ڕۆیتەرز نەداوە.