شاندی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆبووەوە

دیداری سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا (وێنە: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان)
دیداری سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا (وێنە: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان)

شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆبووەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، نووسینگەی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لەگەڵ شاندی باڵای دانوستانکاری ئەمریکا، لە ئیسلام کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە دوای دیداری سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەگەڵ شاندی باڵای دانوستانکاری ئێرانی لە ئیسلام ئاباد بوو. 

بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان، سەرۆکوەزیران ستایشی پابەندبوونی هەردوو شاندی ئێرانی و ئەمریکیی کردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە و ئەرێنی بەشداری لە دانوستانەکاندا بکەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئومێدی خواستووە کە ئەم گفتوگۆ و دانوستانانە ببنە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

 محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرکردایەتیی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و جێگرەکانی لەگەڵدایە، هەروەها عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێرانیشیان لەگەڵە.

لە لایەنی ئەمریکیشەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ترەمپ و جارێد کوشنەر، راوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی، لە دانوستانەکاندا ئامادە دەبن.