ترەمپ: زوو دەیزانین ئێران رێککەوتنی دەوێت یان نا

سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی فەرمیی دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران راگەیاند، ئاماژە بەوەش دەدات، لە ئاییندەیەکی نزیکدا گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە و چاوەڕێی نیازپاکیی تاران دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "نیوز نێشن" رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ تاران لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بە فەرمی دەستیان پێکردووە.

ترەمپ روونیشی کردەوە، زانینی ئەوەی ئایا شاندەکەی ئێران بە نیازپاکی مامەڵە دەکەن یان نا، کاتێکی زۆری پێویست نییە و بە زوویی روون دەبێتەوە.

لەبارەی قەیرانی دەریاوانییەوە سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، گەرووی هورمز لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێتەوە، خەڵکیش ئێستا درک بەوە دەکەن رێگەی جێگرەوەی دیکە هەن بۆ تێپەڕبوون و پێویستییان تەنیا بەو گەرووە نییە.

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە، دوایین پەیامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی چوونی ژمارەیەکی زۆری کەشتیی نەوتهەڵگر بەرەو ئەمریکا بۆ وەرگرتنی نەوت، هیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی گەرووی هورمزەوە نییە.

قەیرانی گەرووی هورمز لە ئێستادا یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم ئابووریی جیهان. پاش هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و روودانی پێکدادانی سەربازی بۆ ماوەی شەش هەفتە، هاتوچۆی دەریاوانی لەم ناوچە ستراتیژییەدا بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، بەمەش بازاڕی وزەی جیهانی رووبەڕووی ناجێگیری بووەتەوە.

لە ئێستادا بە نێوەندگیریی وڵاتانی ناوچەکە، هەردوو وڵات شاندی باڵایان رەوانەی پاکستان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک و کۆتایی بە گرژییەکان بهێنن.