کۆشكی سپی رەتیدەکاتەوە هیچ سەرمایەی سڕکراوی ئێرانیان ئازاد کردبێت

ئاڵای ئێران و ئەمریکا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکردنی؛ کۆشكی سپی رەتیدەکاتەوە هیچ سەرمایەی سڕکراوی ئێرانیان ئازاد کردبێت. 

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاند، واشنتن رەزامەندیی داوە لەسەر ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی تاران لە دەرەوە، ئەمەشی بە بەڵگەی رژدیی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن وەسف کرد.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، هەڵگرتنی سڕکردنی سەر سەرمایەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە گرەنتیکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت بەناو گەرووی هورمزدا بەستراوەتەوە. ئەمەش دۆسیە داراییەکە دەخاتە چەقی ئەو رێوشوێنانەی پەیوەستن بە ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکانەوە.

لە بەرانبەردا تۆڕی "سی بی ئێسی ئەمریکی" لە زاری بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپییەوە گواستییەوە، ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی هیچ سەرمایەیەکی سڕکراوی ئێران نەداوە. روونیشی کردەوە، بە هیچ جۆرێک گفتوگۆ لەسەر هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.

پرسی سڕکردن و بلۆککردنی سەرمایەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسیەکانی نێوان واشنتن و تاران، کە مێژووەکەی بۆ دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، بەڵام قەیرانەکە لە ساڵی 2018ـەوە پێی نایە قۆناغێکی زۆر سەختترەوە.

 هۆکاری بلۆککردنی سەرمایەکانی ئێران:

لە ساڵی 2018، کاتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) کشایەوە، سیاسەتی "فشاری ئەوپەڕی" (Maximum Pressure)ـی بەسەر ئێراندا سەپاند. بەهۆی ئەم سزایانەوە، دەیان ملیار دۆلار لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و گازی ئێران لە بانکەکانی جیهاندا (بە دیاریکراوی لە کۆریای باشوور، عێراق، یابان و چەند وڵاتێکی ئەوروپی) بلۆک کران و ئێران نەیدەتوانی دەستی پێیان بگات یان بیانخاتە ناو سیستەمی دارایی جیهانییەوە. مەزەندە دەکرێت کۆی گشتیی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوە لە نێوان 40 بۆ 100 ملیار دۆلار بێت.

ئەزموونی پێشووی ئازادکردنی پارەکان:

پێش ئەم رێککەوتنە گشتگیرەی ئێستا، ئەمریکا چەند جارێک بە مەرجی قورس بەشێک لەو پارانەی ئازاد کردووە. دیارترینیان لە ئەیلوولی 2023 بوو لە سەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن، کاتێک واشنتن رەزامەندی دا لەسەر ئازادکردنی 6 ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشوور لە بەرانبەر ئازادکردنی 5 هاووڵاتیی ئەمریکی کە لە تاران زیندانی کرابوون. 

ئەو پارەیە گواسترایەوە بۆ بانکەکانی قەتەر و مەرجی ئەمریکا ئەوە بوو کە تەنها دەبێت بۆ کڕینی "خۆراک، دەرمان و پێداویستییە مرۆییەکان" بەکاربهێنرێت و ناچێتە ناو گەنجینەی حکوومەتی ئێرانەوە. هەروەها چەند جارێکیش رێگەی بە عێراق داوە قەرزەکانی کارەبا و غاز (کە نزیکەی 10 ملیار دۆلار بوو) بخاتە هەژمارێکی بانکییەوە لە عومان بۆ هەمان مەبەستی مرۆیی.