لووتکەی سێقۆڵی لە ئیسلام ئاباد لە نێوان ئەمریکا، ئێران و پاکستان دەستی پێکرد
میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاشکرایان کرد، کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ و ئاستبەرز لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئازادکردنی سەرجەم داراییە سڕکراوەکانی ئێران و جێبەجێکردنی ئاگربەست لە لوبنان.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، شاندێکی باڵای ئەمریکی کە پێکهاتبوون لە ستیڤ ویتکۆف، جارێد کوشنەر و جەی دی ڤانس لەگەڵ شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستان کۆبوونەتەوە.
سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دیدارە ڕاستەوخۆیە لە پاکستان بووەتە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی. دەزگای راگەیاندنی فەرمی ئێران (IRIB) پشتڕاستی کردەوە کە واشنتن رەزامەند بووە لەسەر هەڵگرتنی سزاکان لەسەر داراییە سڕکراوەکانی ئێران لە بانکە جیهانییەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ تاران.
هاوکات ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، لەگەڵ پرسی دارایی، لایەنەکان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە وڵاتی لوبنان، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ شەممە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە شاندی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد کۆبووەوە.