میدیاکانی ئێران: کەشتییەکی ئەمریکی هەوڵیدا لە گەرووی هورمز نزیک ببێتەوە
لە کاتێکدا شاندە باڵاکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد سەرقاڵی وتووێژی مێژوویین، گرژییەکی سەربازیی مەترسیدار لە گەرووی هورمز هاتە ئاراوە. تاران هەڕەشەی کرد ئەگەر کەشتییە تێکشکێنەرێکی ئەمریکی نەوەستێت لە ماوەی 30 خولەکدا دەکرێتە ئامانج، دواتر میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە کەشتییەکە پاشەکشەی کردووە.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی فارس" و تەسنیمی ئێرانی، هێزە دەریاییەکانی ئێران شاندی وڵاتەکەیان لە ئیسلام ئاباد ئاگادار کردووەتەوە کە کەشتییە تێکشکێنەرێکی ئەمریکی لە بەندەری فۆجەیرەوە بەرەو گەرووی هورمز بەڕێکەوتووە. ئێران لە رێگەی نێوەندگیری سوپای پاکستانەوە پەیامێکی بەپەلەی ئاراستەی واشنتن کردووە و رایگەیاندووە: "ئەگەر کەشتییە ئەمریکییەکە بەردەوام بێت لە جووڵە، لە ماوەی کەمتر لە 30 خولەکدا دەکرێتە ئامانج."
دوای ئەم مۆڵەتە، سەرچاوە ئێرانییەکان بڵاویانکردەوە کە کەشتییەکە جووڵەی راگرتووە و گەڕاوەتەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئاگادارکردنەوە توندەکانی شاندی ئێرانی لە پاکستان.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" (Axios) لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە، چەند کەشتییەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا گەرووی هورمزیان بڕیوە. بەرپرسەکە ئاشکرای کردووە کە کەشتییەکان لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا چوونەتە ناو کەنداو، و پاشان بە هەمان رێڕەودا بەرەو رۆژهەڵات گەڕاونەتەوە بۆ ناو دەریای عەرەب.
ئەو سەرچاوەیە جەختی کردووەتەوە کە ئەمە ئۆپەراسیۆنێک بووە تەنیا بۆ چەسپاندنی "ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا" و مەبەست لێی گەڕاندنەوەی متمانە بووە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان
چاودێران دەڵێن، ئەم ململانێیەی نێوان هەڕەشەی سەربازی لەسەر زەوی و رێککەوتنی سیاسی لە پشت مێزەکان، نیشانەی قۆناغێکی نوێ و هەستیاری پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تارانە کە تێیدا هەردوولا دەیانەوێت پێگەی خۆیان لە رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەدا بەهێز بکەن.
ئەم ئاڵۆزییە مەیدانییە لە کاتێکدایە کە بەپێی رۆیتەرز، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی چاوەڕواننەکراو لە ئیسلام ئاباد لە نێوان جەی دی ڤانس، ستیڤ ویتکۆف، جارێد کوشنەر، لە لایەنی ئەمریکی، و محەممەدباقر قالیباف و عەباس عێراقچی لە لایەنی ئێرانی بەڕێوەدەچێت. دەزگای راگەیاندنی (IRIB) ئاشکرای کردووە کە ئەمریکا رەزامەند بووە لەسەر ئازادکردنی سەرجەم داراییە سڕکراوەکانی ئێران و راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان.