تەسنیم: گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا پێیان نایە کاتژمێری چوارەم
دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە ئیسلام ئاباد پێیان نایە کاتژمێری چوارەم و بەهۆی چوونە نێو وردەکارییە تەکنیکییەکانەوە، تیمە پسپۆڕەکانی هەردوولا راستەوخۆ بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کردووە. ئاژانسی "تەسنیم" ئاشکرای کردووە کە دانوستانەکان بە گەرمی بەردەوامن و تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت بۆ راوێژی ناوخۆیی رگیراون.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئاژانسی تەسنیم رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان شاندی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە پێش کاتژمێر 5:30ـی خولەکی ئێوارە بە کاتی ئیسلام ئاباد دەستی پێکردبوو، ئێستا چوار کاتژمێری تێپەڕاندووە و هێشتا بەردەوامە
ئاماژەشی داوە، دوای تێپەڕبوونی یەک کاتژمێر لە گفتوگۆ سەرەتاییەکان، بەهۆی ئەوەی باسەکان لە سەرەتا و گشتییەکان تێپەڕین و چوونە نیو وردەکارییە جددییەکان، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا راستەوخۆ بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.
ئەو ئاژانسە ئێرانییە باسی لەوەش کردووە، لە نێوەڕاستی گفتوگۆکاندا، هەردوو شاندەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک کۆبوونەوەکەیان بۆ پشوو و راوێژی ناوخۆیی راگرتووە، بەڵام دوای ئەوە دەستبەجێ گەڕاونەتەوە سەر مێزی دانوستان و کۆبوونەوەکە بە گەرمی بەردەوامە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو بڵاونەکراوەتەوە و هێشتا دیار نییە کە ئایا لایەنەکان دەگەنە رێککەوتنی سەرەتایی یان دانوستانەکان بۆ سبەینێ درێژ دەکرێنەوە. چاودێران پێیان وایە درێژەخایەنبوونی کۆبوونەوەکە و بەشداریی تیمە تەکنیکییەکان نیشانەی ئەوەیە کە گفتوگۆکان جددی و وردن.