تەسنیم: دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد گەیشتنەتە قۆناغی ئاڵوگۆڕی نووسراو

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی ئاشکرای کرد کە سەرەڕای گەیشتنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بە قۆناغی ئاڵوگۆڕکردنی دەق، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە "زیادەڕۆییەکانی تیمی ئەمریکا" ناوی بردووە، پرۆسەکە تووشی سستی بووە. بەپێی زانیارییەکان، پرسی گەرووی هورمز وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین تەوەرەکانی نێوان تاران و واشنتن دەستنیشان کراوە کە ناکۆکیی جددی لەسەرە.

شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئاژانسی دەزگای راگەیاندنی فەرمی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، نیشانەکان وا دەردەکەون ئەم گەڕەی گفتوگۆکان لە یەک رۆژ زیاتر نەخایەنێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەشبینییە سەرەتاییەکان بۆ درێژکردنەوەی دانوستانەکان رووبەڕووی بەربەست بوونەتەوە.

هەروەها ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا هەردوولا گەیشتبوونە قۆناغی ئاڵوگۆڕی دەق بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ دانوستان، بەڵام تیمی ئەمریکی بە داواکارییە نوێیەکانی کە وەک "زیادەڕۆیی مەرسوم" وەسف کراوە، ڕێگری لە پێشوەچوونی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، شاندی ئێرانی لەسەر مێزی دانوستان جەختی کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری دەستکەوتە سەربازییەکانی نابێت و سوورە لەسەر پاراستنی مافەکانی گەلی ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هێشتا بەردەوامن بەڵام ئاسۆکە لێڵ بووە.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە بابەتی گەرووی هورمز گەورەترین خاڵی بەریەککەوتنی نێوان هەردوولایە. لە کاتێکدا ئەمریکا باس لە پاککردنەوەی گەرووەکە دەکات، ئێران ئەم بابەتە بە بەشێک لە سەروەری و دەستکەوتە سەربازییەکانی خۆی دەبینێت و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی قووڵ و جددی لەناو ژووری دانوستانەکاندا.

هاوکات ، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە تا ئێستا دوو گەڕی دانوستانەکان ئەنجامدراون و چاوەڕوان دەکرێت گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان دەست پێ بکات.

ئەم کۆبوونەوە ڕاستەوخۆیانە لە پاکستان، کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانی تاران و ئیسلام ئاباد تێیدا بەشدارن، وەک گرنگترین هەوڵی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان واشنتن و تاران دەبینرێت.

سەرەڕای هەبوونی هەندێک ناکۆکی لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکان و پرسی گەرووی هورمز، بەڵام بەردەوامبوونی دانوستانەکان تا درەنگانی شەو نیشانەی ئەوەیە کە هەردوولا دەیانەوێت دەرهێچەیەک بۆ ڕێککەوتن بدۆزنەوە.