کۆشکی سپی: دانوستانە سێقۆڵییەکان لەگەڵ ئێران و پاکستان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەردەوامن
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دانوستانە باڵا و راستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا، ئێران و پاکستان لە ئیسلام ئاباد بەردەوامییان هەبووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە سێقۆڵییە گەیشتنە بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکی کورتدا پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکان هێشتا لە ئارادان و شاندەکان لەسەر مێزی دانوستان ماونەتەوە. ئەم لێدوانەی کۆشکی سپی دوای ئەوە دێت کە گومان هەبوو لەسەر ئەوەی ئایا دانوستانەکان بەهۆی جیاوازیی راکانەوە دەوەستن یان نا.
هاوکات لەگەڵ ئەم راگەیەندراوەی واشنتن، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە تا ئێستا دوو گەڕی دانوستانەکان ئەنجامدراون و چاوەڕوان دەکرێت گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان دەست پێ بکات.
ئەم کۆبوونەوە ڕاستەوخۆیانە لە پاکستان، کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانی تاران و ئیسلام ئاباد تێیدا بەشدارن، وەک گرنگترین هەوڵی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان واشنتن و تاران دەبینرێت.
سەرەڕای هەبوونی هەندێک ناکۆکی لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکان و پرسی گەرووی هورمز، بەڵام بەردەوامبوونی دانوستانەکان تا درەنگانی شەو نیشانەی ئەوەیە کە هەردوولا دەیانەوێت دەرهێچەیەک بۆ ڕێککەوتن بدۆزنەوە.