قۆناغێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیپێکرد
شاندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پاکستان وەک ناوبژیوان، قۆناغێکی نوێی دانوستانە سێقۆڵییەکانیان لە ئیسلام ئاباد دەستپێکرد. میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە دواهەمین دەرفەتە بۆ لایەنی ئەمریکی تا بگەنە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئاژانسی تەسنیم ڕایگەیاند، پێش چەند خولەکێک قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکان لە ئاستی باڵا دەستی پێکردووە. لەم کۆبوونەوەیەدا کەسایەتییە کاریگەر و بڕیاردەرەکانی هەردوولا ڕووبەڕوو لەسەر مێزی دانوستانن، کە بریتین لە شاندی ئێران، محەممەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و عەلی باقری بەرپرسی دۆسیەی دانوستانەکان.
هاوکات شاندی ئەمریکا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت و جارید کوشنەر ڕاوێژکار و زاوای ترەمپ بەشداربوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی تەسنیم، تیمی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەوەی لایەنی ئەمریکی داواکاریی زیادە و زیادەڕۆیی هەیە، ئەم قۆناغەی گفتوگۆکان وەک دواهەمین دەرفەتی ئێران بۆ ئەمریکییەکان دادەنرێت. تاران هۆشداری دەدات کە ئەگەر واشنتن لەم گەڕەدا نەگاتە چوارچێوەیەکی هاوبەش، رەنگە پرۆسەی دیپلۆماسی لە پاکستان ڕوو لە بنبەست بکات.
هەروەها هەر ئەمشەو ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردبووە، لەکاتێکدا هەردوولا گەیشتبوونە قۆناغی ئاڵوگۆڕی دەق بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ دانوستان، بەڵام تیمی ئەمریکی بە داواکارییە نوێیەکانی کە وەک "زیادەڕۆیی مەرسوم" وەسف کراوە، ڕێگری لە پێشوەچوونی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، شاندی ئێرانی لەسەر مێزی دانوستان جەختی کردبووەوە، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری دەستکەوتە سەربازییەکانی نابێت و سوورە لەسەر پاراستنی مافەکانی گەلی ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هێشتا بەردەوامن بەڵام ئاسۆکە لێڵ بووە.
هەروەها ئاماژە بەوە دابوو کە بابەتی گەرووی هورمز گەورەترین خاڵی بەریەککەوتنی نێوان هەردوولایە. لە کاتێکدا ئەمریکا باس لە پاککردنەوەی گەرووەکە دەکات، ئێران ئەم بابەتە بە بەشێک لە سەروەری و دەستکەوتە سەربازییەکانی خۆی دەبینێت و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی قووڵ و جددی لەناو ژووری دانوستانەکاندا.