سی ئێن ئێن: دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد ئەرێنین

سەرچاوە پاکستانییەکان بە کەناڵی CNNـیان راگەیاندووە، کەشی گشتی و ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد تا رادەیەکی زۆر ئەرێنی بووە. بەڵام سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، پرسی کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز وەک خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی و بنەبەست لە نێوان هەردوولادا ماوەتەوە.

شەممە 11ـی نیسانی 2026، سۆفیا سەیفی، پەیامنێری CNN لە ئیسلام ئاباد بڵاویکردەوە، سەرچاوە پاکستانییەکان ئاماژە بە هەبوونی جۆرێک لە گەشبینی دەکەن لە نێوان شاندەکاندا، بەڵام کاتێک باسەکە دەگاتە سەر ئاسایش و کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز، گفتوگۆکان رووبەڕووی بەربەستی جددی دەبنەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران بە هەمان کەناڵی راگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک داواکاریی قبووڵنەکراو و توندی سەبارەت بە گەرووی هورمز خستووەتەڕوو، ئەمەش وایکردووە کە هەردوولا نەتوانن لەسەر ئەو خاڵە بگەنه رێککەوتن.

هاوکات، میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، تەنیا پرسی گەرووی هورمزە.

ئەم راپۆرتەی CNN نیشان دەدات کە سەرەڕای ئەوەی لایەنەکان لە زۆر پرسدا لە یەکتر نزیک بوونەتەوە، بەڵام پرسی سەروەری و ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان هێشتا وەک گرێکوێرەی دانوستانە مێژووییەکەی پاکستان ماوەتەوە.